ڕاگەیێندرانی سەتا ٥٥ ی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕێژەی هاوبەشیی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سەتا ٥٥ ڕاگەیاند.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە ڕێژەی هاوبەشیی سەرتاسەری (تایبەت و گشتی) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەو وڵاتە زیاتر لە سەتا پەنجاو پێنج بووە، ڕایگەیاند؛ لەژماری گشتیی بەشداربووانی پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت کە ٢١ ملوێن و ٤٠٤ هەزار و ٢٩ کەس خاوەن مەرجی دەنگدان بوونە، سەرجەم ١٢ ملوێن و سێ هەزار و ١٤٣ کەس بەشداری هەڵبژاردنەکان بوون کە بەم پێیە، ڕێژەی هاوبەشیی زیاتر لە سەتا پەنجاو پێنجە. پاش کۆتایی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق، "محەممەد شیاع سوودانی" سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە سوپاسی هاووڵاتیانی عێراقی کرد لەبەر بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنەکان. سوودانی وتیشی: بە سەرکەوتن لە ڕێکخستن و جێبەجێکرانی شەشەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی، بە میکانیزمە یاسایی و کارگێڕییەکانی، و بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، حکومەت یەکێ لە سەرەکیترین بەڵێنیەکانی جێبەجێکردووە کە لە بەرنامە کارگێڕییەکەیدا گونجێندرابوو.
"عەبدولـلەتیف ڕەشید" سەرۆک کۆماری عێراقیش پاش کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی جەختی کرد لەسەر پێویستیی ڕێزنان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و هەوڵدان بە ورەیەکی نیشتمانپەروەرانە بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتێک کە پێشاندەری ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵکی عێراق بێ. ناوبراو وتیشی: سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، پێشاندەری ئەوەیە کە خەڵکی ئەو وڵاتە لەڕێگەی ئاشتیانەو دیموکراسییەوە بگەنە ئارمانجەکانیان.
"سەید عەممار حەکیم" سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراقیش لە پەیامێکدا، سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کەشێکی هێمندا و بە یەکڕیزیی باڵای چین و توێژەکانی خەڵکی عێراق پیرۆزبایی کردو پێی داگرت؛ پڕ بەدڵ سوپاسی گشت ئەو کەسانە دەکەم کە بەشداری ئەو حەماسەتە نیشتمانییە بوون. "ئەنتۆنیۆ گۆترێش"ی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە عێراقی لە خەڵکی ئەو وڵاتە پیرۆزبایی کرد و پێی داگرت لەسەر گرینگیی پێکهێنانی حکومەت بەشێوەی ئاشتیانەو لەکاتی شیاودا بەجۆرێک کە دەربڕی ئیرادەو چاوەڕوانییەکانی خەڵکی عێراق بێ.