تەحسین خەفاجی: سنوورەکانی عێراق و سووریا لە باشترین دۆخدان و بە سیستمی پێشکەوتوو دەپارێزرێن
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە دۆخی سنوورەکانی عێراق بە گشتی و سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا بە تایبەتی، ئێستا لە "سەقامگیرترین و باشترین دۆخدایە."
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتی: "سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە هاوئاهەنگییەکی بەردەوامدان بۆ پاراستنی سنوورەکان و رێگریکردن لە هەر جموجۆڵێکی تیرۆریستی یان تاوانکاری." خەفاجی وردەکاریی زیاتری خستەڕوو لەبارەی رێکارە نوێیەکانی پاراستنی سنوورەکانی عێراق و سووریا، کە درێژییەکەی شەشسەت و دە کیلۆمەترە. ئاماژەی بەوەدا کە خەندەقێک بە درێژایی سنوورەکە هەڵکەندراوە بە قووڵی سێ مەتر و پانی سێ مەتر، لەگەڵ دروستکردنی تاوەری چاودێری بەرز کە کامێرای چاودێری و گەرمی (حەراری) و چەکی پێشکەوتووی لەسەر جێگیر کراوە. هەروەها گوتیشی: بەربەستی خۆڵی دروست کراون و سنوورەکە تەلبەند کراوە. جەختی کردەوە کە سنوورەکە "24 کاتژمێر لە ژێر چاودێریدایە و هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی لەم ساڵدا رووی نەداوە."