تشرینی دووه‌م 24, 2025 17:51 Asia/Tehran
  • وەزارەتی کاری عێراق: بەبێ ئاگاداری ئێمە دوو و نیو تریلیۆن دیناری چاودێریی کۆمەڵایەتی راکێشراوە

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایدەگەیەنێت، سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی "بەتاڵکراوەتەوە" و زیاتر لە دوو و نیو تریلیۆن دینار بەبێ ئاگاداری ئەوان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە راکێشراوە.

حەسەن خوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ئەمڕۆ راگەیاند: "پارەکەی سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی ون نەبووە، بەڵکو بە نووسراوی فەرمیی وەزارەتی دارایی راکێشراوە، لەکاتێکدا نابێت دەست بۆ پارەی ئەو سندووقە ببرێت، بۆیە لە دادگە سکاڵامان تۆمار کردووە." 

بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕی پارەکە  دوو تریلیۆن و پێنسەت و سی ملیار دینار بووە. ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای کرد، کاتێک وەک وەزیر دەستبەکار بووە، سندووقەکە تەنیا  چوارسەت و سی ملیار دیناری تێدا بووە، بەڵام بەهۆی بەدواداچوون بۆ داهاتەکان (پێبژاردن، لەسەتا یەکی قازانجی کۆمپانیا حکومییەکان و لێبڕینی یەک لە هەزاری مووچە) سەرمایەی سندووقەکەیان شەش هێندە زیاد کردووە. وەزیری کار دەڵێت، پلانیان هەبووە لەڕێگەی ستراتیژییەکی ١٠ ساڵەوە وەبەرهێنان بەو پارەیە بکەن بۆ ئەوەی سندووقەکە پێویستی بە بودجەی حکومەت نەبێت و لە قازانجی خۆی پارەدار بکرێت.

سەرپەیڤ