پرۆسەی سیاسیی عێراق لە قۆناخێکی ئاڵۆزدا و داهاتووی گرێ کوێرەی نێوان هەولێر و سلێمانی
هاوکات لەگەڵ قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان دوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماریی، پرۆسەی سیاسیی ئەو وڵاتە بەرەو قۆناخێکی تازەی ئاڵۆزکاو پاڵ پێوەنراوە.
بە بەرفراوانبوونی کەلێنی نێوان دوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستانی عێراق واتە پارتی و یەکێتی، پرۆسەی سیاسیی عێراق چووەتەنێو قۆناخێکی تازەی ئاڵۆزکاوییەوە، کوردەکان جارێکی دیکە بوونەتە کاریگەرترین فەکتەر لە کەشی سیاسیی عێراقداو ناکۆکی نێوانیان بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم دەسنیشانکرانی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێڕاق و پێکهاتنی حکومەتی تازەی ئەو وڵاتە.
لەکاتێکدا کە پارت و لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەنجامی دانوستانی دوو پارتی سەرەکیی ئەو ناوچەن سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماریی، ناکۆکیی قووڵی نێوان پارتی و یەکێتی ڕێگرە لەبەردەم هەرچەشنە تەباییەکی ناوخۆیی و ئەوەش کاردەکاتەسەر گرووپ و باڵە سیاسییەکانی زۆرینەی شیعەو پێکهاتەی عەرەبی سووننەی عێراق، ئەو گرووپ و لایەنانەی بەباشیان زانیوە هەتا کاتی دیاریکرانی چارەنووسی دۆسییەی سەرۆک کۆماریی، بەربژارانیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیریی و سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕانەگەیێنن، چونکە ئەرکی سەرۆک کۆمارە کە بەپێی دەستوور، بەربژاری گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەتی تازەی عێراق، ڕاسپێرێ.
یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی وەک بەربژاری خۆی بۆ بەدەستەوەگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماریی دیاری کردووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئاخۆ پارتی ئەوە قەبووڵ دەکا یان نا؟
تائێستا هیچ نیشانەیەک بەرچاو ناکەوێ لەبارەی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەوبارەوە و ناکۆکیی قوووڵی ئەوان بووەتەهۆ هەتا هەرێمی کوردستان پاش زیاتر لە ساڵێک کە بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تێدەپەڕێ، هێشتا پەرلەمان و حکومەتی تازەی پێک نەهاتووە.
"مەحما خەلیل" ئەندامێکی پلەبەرزی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وتوویەتی کە ئەو پارتە لەبەر ئەوەی زیاترین کورسی لەئاستی هەرێم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەم دواییەی عێراق بەدەس هێناوە، دەبێ بەربژاری سەرۆک کۆمارییش بناسێنێ، هەڵوێستێک کە بەرەوڕووی نەیارەتی توندی یەکێتی نیشتمانیی بووەتەوە.
"جاسم محەممەد جەعفەر" لە ڕێبەرانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نووری مالیکی وێڕای ئاماژە بە دواکەوتن لە راگەیێندرانی ناوی بەربژاری پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، وتی: بێتوو پێویست بکا چوارچێوەی هەماهەنگی تەنیا لە چەند رۆژدا ناوی بەربژارەکەی بۆ بەدەستەوەگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیریی یەکلایی دەکاتەوە، بەم حاڵەشەوە، وای پێ باشە هەتا کاتی یەکلابوونەوەی بەربژاری پۆستی سەرۆک کۆماریی، چاوەڕوان وەمێنێ.