راوێژی چڕ لە بەغدا و چەندهێمایەک هاوپێوەند بە کۆتایی چەقبەستوویی لە ناساندنی سەرۆک وەزیرانی تازەی عێراق
سەرچاوە سیاسییەکان لە عێراق باس لە ڕێککەوتنی بەرایی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان دەکا لەسەر بەربژارێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی داهاتوو. ئەو پێشکەوتنە، لەکاتێکدایە کە پەرلەمانی تازەی ئەو وڵاتەش لە سەروبەندی پێکهێنانی یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدایە.
"عەباس سەروت" نوێنەری پێشووی پەرلەمانی عێراق وتی: ڕێککەوتنی بەرایی کراوە لەسەر کەسێکی نەرم و نیان بەمەبەستی بەڕێوەبەرایەتی وکۆنترۆڵی قەیرانگەلی دارایی، کورتهێنانی بودجەو گوشارە دەرەکییەکان لەو وڵاتەدا. وتیشی: ڕێگاکە ئاسان نیە، سەرۆک وەزیرانی داهاتوو دەبێ لە بارودۆخە ئاڵۆزکاوەکاندا توانای ڕێبەرایەتییەکی بەهێزی هەبێ. چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانی عێراق، کۆڕێکی گرینگ لەماڵی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بەڕێوە دەبا هەتا لەسەر وردەبابەتەکانی کۆتایی ڕێککەوتن بکرێ.
هەندێ سەرچاوە وتوویانە؛ بەختی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا، بۆ خولی دووەمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروا لەئاستێکی باڵا دایە بەڵام ئەنجام لە دانوستانەکانی داهاتوودا دیاری دەکرێ.
لە سەرووبەندی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی تازەی عێڕاق لە ٢٩ی دیسەمبەر ڕاوێژکاریی چڕ لەنێوان سەرۆکانی پارتە سوننە، شیعەو کوردەکاندا ئەنجامی گرت و ئامانج، دیاریکرانی سەرۆکی سێ دەزگەی ئەو وڵاتەیە. ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانە، پێشاندەری هەوڵی ڕەوت و لایەنەکانە بۆ نەهێشتنی ناکۆکییە تایفییەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی پاوەجێ لەو وڵاتەدا.
بەبڕوای شارەزایان، ئەو ڕاوێژکارییانە دەتوانێ چەقبەستوویی ئێستای کەشی سیاسیی عێراق چارەسەربکا، بەڵام گوشارە دەرەکییەکان و ناکۆکییە ناوخۆییەکان هەروا جێی باس و خواسەو کێشەیان لەسەرە. پێکهێنانی حکومەت، پێویستیی بە ئاشتەوایی خێرا هەیە هەتا سەقامی عێراق دەستەبەر ببێت.