هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دواخرا؛ بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی ڕێککەون
بە فەرمی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دواخرا. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای مۆڵەتی زیاتریان کرد بۆئەوەی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش یان شێوازی چوونە ناو پەرلەمان رێکبکەون.
تاوەکو ئێستا ١٩ بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە رکابەریدا ماونەتەوە، بەڵام ململانێی سەرەکی لەنێوان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کە لە ١٣ لایەن پێکهاتووە، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لایەنە کوردییەکان بە یەک بەربژێرەوە بچنە ناو هۆڵی پەرلەمان. عامر فایز سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم دەڵێت، لای ئەوان پرسەکە زیاتر پەیوەندیی بە نێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و هیوادارن لەم چەند رۆژەدا لایەنە کوردییەکان بگەنە رێککەوتن.