عێراق داوا لە وڵاتان دەکات زیندانییانی داعش وەربگرنەوە
عێراق داوا لە وڵاتان دەکات هاووڵاتییە زیندانیکراوەکانیان لە ریزەکانی داعش وەربگرنەوە و لە وڵاتەکانی خۆیان دادگاییان بکەن.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە گوتارێکدا بۆ ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ باسی لە دۆخی ئێستای وڵاتەکە، گواستنەوەی زیندانییانی داعش، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە کرد.
فوئاد حوسێن دووپاتی کردەوە، عێراق بەردەوامە لە رۆڵی بەرپرسانەی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانی لە کەمپی هۆڵی باکووری سووریاوە. روونیشی کردەوە، تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی رێکخراو بیست و سێ هەزار عێراقی گەڕێندراونەتەوە، ئەم پرسەش بەلای عێراقەوە بابەتێکی ئەمنیی گرنگە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، "عێراق وڵاتێکی ئازادە، دەستوورەکەی فیدراڵییە، لەسەر ئەم بنەمایەش دامەزراوە فیدراڵییەکان گەشەیان کردووە. لە هەمان کاتدا هەماهەنگیی تەواو لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا هەیە."