سێزدەهەمین خولی فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان
بە دەس پێ بوونی فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، شادی و خۆشی بووبە میوانی مەریوانییەکان
سێزدەهەمین خولی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان ڕۆژی شەممە بە بەشداریی هونەرمەندانی شانۆکاری ئێرانی و بیانی و هەروەتر خەڵکی هونەردۆست، لە پارکی شانۆی مەریواندا دەستی بەکار کرد.

خەڵکی مەریوان خۆیان ئامادە کردووە بۆ میواندارییەکی شیاو لە هونەرمەندانی ئێرانی و ئەو هونەرمەندانەی وا لە چەند وڵاتی بەشدار بووی فستیڤاڵەکەوە سەردانی ئەو شارەیان کردووە.
لەم خولەی فستیڤاڵەکەدا 39 گرووپی شانۆکار، سەرجەم 125 جار نواندنیان دەبێ کە چوار گرووپی تایبەت بە بەشی ئایینی و نەریتییە و چوار گرووپ لە بەشی منداڵان و تازەلاوانن.

هەروەها 5 گرووپی شانۆکاری بیانی لەگەڵ 4 گرووپی دیکە لە بەشی پێداچوونەوەیێک لەسەر بەرهەمەکان و لە بەشی میوانی تایبەتدا شانۆەکانی خۆیان پێشکەشی هۆگران دەکەن.

ئەو بەرهەمە دەرەکییانەی وا بەشداری ئەم خولەی فستیڤاڵەکەیان کردووە بریتین لە: " کوانێ مافی من؟"، لە دەرهێنانی هۆنەر تاهیر ، شانۆی "کەوچکێک کتێب" لە دەرهێنانی شەماڵ ئەحمەد لە هەرێمی کوردستانی عێراق، "سەربازەکان" لە دەرهێنانی تێسولاک مێلک گالستین لە وڵاتی ئەرمەنستان، "لەگەڵ من پێشکەش بکە" لە دەرهێنانی "خۆرخە ئیگناسیۆ ڕۆدریگز" لە سپانیا، "زمانی شار" لە دەرهێنانی هادی کەماڵی موقەددەم و کریستۆف شاتلان بەرهەمی هاوبەشی ئێران و فەڕەنسا.
بە وتەی بەڕێوەبەری سێزدەهەمین خولی فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان 56 پەیامنێری نێوخۆیی و بیانی، هەواڵەکانی تایبەت بە فستیڤاڵەکە دگوازنەوە کە لەوانە بیستیان تایبەت بە مێدیاکانی پارێزگای کوردستانن.

6 ڕاگەینەری بەناوبانگی بیانی لە وڵاتانی تورکیا، ئینگلیز، چین، ڕووسیا و هەروەها 2 مێدیای هەرێمی کوردستانی عێراقیش بۆ گواستنەوەی هەواڵەکان لە مەریوانن.

سێزدەهەمین خولی فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان لە 10 تا 14ی خەرمانان بە ئامادەبوونی هونەرمەندانی شانۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی لە شاری مەریواندا بەرێوە دەچێت.