27ی سێپتەمبەر، ڕۆژی جیهانی گەشتیاری
لە ڕوانگەی ڕێکخراوی نەتەوەکانەوە، گەڕیدە یاخود گەشتیـار کەسێکە کە وڵاتێک جگە لە شوێنی ژیانی خۆی بەسەر بکاتەوە.
لە ساڵی 1980بەم لاوە، ڕێکخراوی جیهانی گەشتیاریی ڕێکخراوی نەتەوەکان، ساڵانە لە ڕۆژی 27ی سێپتەمبەر بەناوی ڕۆژی جیهانیی گەشتیاری ڕێوڕەسمی تایبەتی بەڕێوەبردووە. ئامانجی رێزنان لەم ڕۆژە بردنەسەری ئاستی ئاگاداری و زانیارییە لەمەڕ دەوری گەشتیاری لە کۆمەڵگای جیهانیـدا.
لە ساڵی 2013 دا، بانکی جیهانی باسی هاتنی 3.8 ملوێن گەشتیاری کردووە بۆ ئێران کە ئەمە لە چاو ساڵی 2012 نزیک بە نیو ملوێن کەس زیاتر بووە. ئەم بانکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئێـران لە نێوان 166 وڵاتدا پلەی 54 هەیە لە باری ڕاکێشانی گەشتیارەوە.
ئێران لە ڕیزی سەرەنج ڕاکێشترین وڵاتانی جیهانە. ئێران یەکێکە لە 4 شارستانیەتی کۆن و لەمێژینەی مرۆڤی و لەلایێکی دیکەشەوە ئێران خاوەنی هەرێمی کەشوهەوایی جۆراوجۆرە. ئێران لە باری شوێنی گەشتیاریشەوە لە ڕیزی 10 وڵاتی یەکەمی دونیایە و لەباری شوێنی سرووشتیشەوە لە ڕیزی 5 وڵاتی یەکەمی جیهاندایە.
شوێنە گەشتیارییەکانی ئێران
ناوچە باکوورییەکان:
کەنارەکانی زەریای خەزەر یەکێکە لە گرینگترین ناوچە گەشتیارییەکانی ئێران، لە کەنارەکانی خەزەردا دارستانی چڕی بنارەکانی ئەلبورزیش هەڵکەوتووە و ئەو گەشتیارانەی کە ڕووی تێدەکەن، لەلایێکەوە دیمەنی زەریای شین و لەلایێکی دیکەشەوە دارستانی سەوز و جوان لەسەر بناری کێوەکاندا دەبینن.
ناوچە ڕۆژئاواییەکان و باکووری ڕۆژئاوا:
بەرزاییەکانی ئەلبورز و زاگرۆس لە کاتی زستاندا کە تەژی لە بەفرە، هەلێکی لەبار و شوێنێکی گونجاو دەخولقێنن بۆ وەرزشە زستانییەکان و ئەتوانین بە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئێرانی بزانین.
لە هاوینانیشدا بناری ئەم بەرزاییانە بە کەشوهەوایێکی مام نێوەنجی، دیمەنی سرووشتیی جوان، کانیاوەکان و ئەشکەوتە سرووشتییەکان شوێنێکی دڵبزوێنن بۆ گەشتیاران و گەڕیدەکان.
شوێنە ئایینییە پیرۆزەکان:
ناوەند و شوێنە پیرۆزە ئایینییەکان، گرینگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئێرانن. شاری مەشهەد بە هۆی بوونی بارەگا و گڵکۆی ئیمام ڕەزا (ع)، گرینگترین جەمسەری گەشتیاریی ئاینییە لە ئێراندا.
بینا و شوێنەوارە مێژووییەکان:
پارێزگای فارس بە بیناگەلێکی وەکوو تەختی جەمشید، نەقشی ڕوستەم، تەختی سلێمان و مزگەوت و گەرماو و بازاڕی وەکیلی شیراز و گڵکۆی حافیز و سەعدی لە ڕیزی شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی ئێران دێنەئەژمار و بەشێوەیێکیش ئەتوانین بڵێین پێتەختی فەرهەنگی ئێرانیشە.