فوتساڵی ژێری ٢٠ ساڵ تەمەنی پاڵەوانەتیی ئاسیا؛ ئێران بە بردنەوەیەکی پڕگوڵ بەرامبەر بە ئەندونیزیا بوو بە سێهەم
تیمی فوتساڵ (تۆپی پێی نێو ساڵۆن)ی ژێر ٢٠ ساڵ تەمەنی ئێران بە بردنەوە لە ئەندونیزیا پلەی سێهەمی ڕکابەرایەتیی پاڵەوانەتیی ئاسیای بە دەست هێنا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر؛ تیمەکانی فوتساڵی ژێر ٢٠ ساڵ تەمەنی ئێران و ئەندونیزیا دواینیوەی ڕۆژی ڕۆژی شەممە لە دیداری ڕیزبەندیی ڕکابەرایەتیی پاڵەوانەتیی ئاسیا پێکەوە یارییان کرد کە ئێران لە ئاکامدا توانی بە ئەنجامێکی پڕگوڵ واتە ٩ بە ١ لە ئەندونیزیا بباتەوە. بەم چەشنە ئێران پلەی سێهەمی بە خۆی تەرخان دا.
لەو ڕکابەرایەتییەدا کە لە هۆڵی پووڕشەریفیی تەورێز بەڕێوە چوو، سالار ئاقاپووڕ (٣ جار)، عەلی ئەکرەمی، سەجاد سەرباز، ڕەزا قەنبەری، عیرفان حسێن زادە، دێهقان نژاد و بیلال ئیسماعلی گۆڵیان لێدا بۆ ئێران.
ڕاهێنەریی تیمی ئێران لەو خولەی یارییەکاندا لە ئەستۆی حەمید شاندیزی بووە. ئێران لە خولی یەکەمی ئەو ڕکابەرایەتییانەدا بوو بە یەکەم، بەڵام ئەمساڵ پاش دۆڕان بەرامبەر بە ژاپۆن لە قۆناغی نیوە فیناڵ نەیتوانی بگاتە فیناڵ.
ژاپۆن و ئەفغانستان ئەو دوو تیمەن کە گەیشتوونەتە قۆناغی فیناڵ بۆ دیاری کرانی تیمی یەکەم و دووەمی ڕکابەرایەتیی فوتساڵی پاڵەوانەتیی ئاسیا.