31ی جۆزەردان ، ساڵهاتی کۆچی دوایی یەکەم خانمە بێژەری کورد
خاتوو میدیا زەندی ، زیاتر وەک هاوسەری هونەرمەندی گەورەی کورد ، حەسەن زیرەکی نەمر ناسراوە . بەڵام ئەو خاتوونە یەکەم کەس بووە لە نێو خانمانی کورد کە کاری بێژەریی بۆ رادیۆ کردووە .
خاتوو میدیا زەندی 29 ی رەشەمەی 1319 ی هەتاوی ( 1941) لە شاری مەهاباد چاوی بە دونیای روون هەڵدێنێ .
ئەو خانمە کچی کەسایەتی ناسراوی ئەو سەردەمە دکتور عەزیز زەندی پارێزەر ناسراو بە " عەزیز ئاڵمانی " بووە.
میدیا خانم ساڵی 1337 ی هەتاوی ( 1958) لە گەڵ مامۆستای گۆرانیی کوردی ، " حەسەن زیرەک" ، هاوسەرگیری دەکات کە بەرهەمی ئەو ژیانە هاوبەشە ، دوو کچ دەبن بە ناوەکانی" مەهتاب و ساکار" . هەر ئەو ساڵەش لە ساڵهاتی دامەزرانی رادیۆ کۆردیی تاران بۆ یەکەم جار کاری بێژرەریی دەکات .
خاتوو میدیا زەندی لە ماوەی نزیک بە نیو سەدە کار و چالاکیی لە هەردوو ئێزگەی رادیۆ کوردی تاران و رادیۆ کوردیی کرماشان ، لە کاری جۆربەجۆری وەک بێژەری کردنی دەنگوباس ، چیرۆکی رادیۆ و بەرنامەی ئێمە و گوێگرەکان دا چالاکیی هەبووە و دواتریش کە کەناڵی تەلەفزیۆنیی سەحەری کوردی دادەمەزرێ ، وەک دوبلۆر لە بەکوردی کردنی زنجیرە دراماکاندا کار دەکات .
خاتوو مێدیای زەندی لە 31 ی جۆزەردانی 1387 ی هەتاوی ( 2008) دوای ماوەیەک نەخۆشیی لە تەمەنی 68 ساڵیدا لە تاران کۆچی دوایی کرد .