حەبیب نۆرماگۆمیدۆڤ 29یەمین سەرکەوتنی لەسەریەکی تۆمارکرد
لە چوارچێوەی یارییەکانی پاڵەوانێتی UFC 254 کە یارییەکانی لە ئەبو زەبی و لەسەر دورگەی جەنگ بەڕێوەچوو، دوای ئەنجامدانی چەند یارییەک لە ڕکابەری لوتکەی ئەو پاڵەوانێتیەدا حەبیب نۆرماگۆمیدۆڤ پاڵەوانی یارییەکانی هونەرە جەنگیەکان بۆ کێشی سوک روبەروی پاڵەوانی کاتی جەستن گەیچی بۆوە.
پێشتر گەیچی لە پاڵەوانێتی پێشوتردا سەرکەوتنی بەسەر تۆنی فێرگسۆندا بەدەستهێنابو، کە لە جێگەی حەبیب بەشداری ئەو یارییەی کرد.
لە یارییەکەدا حەبیب لە ڕاوندی یەکەم بە ئاستێکی زۆر باش دەرکەوت و توانی پێش گەیچی بکەوێت، لە ڕاوندی دوەم و پێشکۆتایی هاتنی یارییەکە هەڵۆکەی داغستان توانی گەیچی ناچار بکات بەوەی دان بە شکستدا بنێت و یارییەکەی لێبردەوە و 29یەمین سەرکەوتنی لە ژیانی یاریکردنیدا نوسیەوە.
دوای یارییەکە حەبیب بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە بۆ گیانی باوکی کە چەند مانگێک بەر لە ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، وتی بەڵێنم بە دایکم داوە کە ئەمە دواهەمین یاریی کردنی ژیانم بێت، چونکە ناتوانم ئیتر بە بێ باوکم بەردەوام بم، هەربۆیە ئەو یاریزانە بە فەرمی وازهێنانی خۆی لە یارییکردن ڕاگەیاند.
هەڵۆکەی داغستان لە ژیانی وەرزشیدا 29 یاریی ئەنجامداوە و سەرجەمیانی بردۆتەوە و دوچاری هیچ شکستێک نەبوە، دوای یارییەکەش چەند کەسایەتی جیهانی وەرزشی پیرۆزبایان لە حەبیب کرد لەوانەش کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کۆنەر ماکگریگۆر و چەند کەسایەتیەکی دیکە.