نزایەک بۆ ھەڵەبجە لە دەربەندی پەپوولەوە
دوای کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە 16ی مارسی 1988 ، چەندین بەرھەمی ئەدەبیی گەورە بە تایبەت لە بواری شێعردا ئافران کە رەنگە بێ سێ و دوو بکرێ بڵێین دەربەندی پەپوولەی شێرکۆ بێکەس لە لوتکەدایە . کۆپلەیەکی ئەم شاکارە ئەدەبیە پێشکەشی گیانی سپی شەھیدانی ئەو کارەساتە .
١٦ی مارت –بەر لە نیوەشەوی ئەم ڕۆژە قرچۆکە
شازادە هەوایەکی مۆدێرنیزمی شێت
هەوایەکی دووڕەگ، لە نەسلی چەپ و ڕاستی
سیاسەتی ئەم دنیا بەستۆکە
هەوایەکی کەتەی بەئۆکی لەخۆبایی
بۆنی دەم سیراویی،
کوت و پڕ هات و کودەتایەکی زەردی
ئەلکترۆنیی بەرپا کرد.
دەستی بەسەر تەخت و بەختی ئاسماندا گرت.
بوو بە تاقە فەرمانڕەوای
ئەم مەملەکەتە بەرینەی بەهار.
ڕێ و بانەکانی هەناسەی نێوان
ئاسمان و زەویی بەست.
تەواوی دەرگاکانی بەهەشتی کڵۆم کرد
بە دەنگی تێکەڵی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا
بەیاننامەی ژمارە یەکی خۆی خوێندەوە.
هەر ئەوەندەی لەرینەوەی گەڵایەک و کەمتر،
هەر ئەوەندەی ترووکەی چاوی ئاوێک و کەمتر،
هەر ئەوەندەی نووزەی کارژۆلەیەک و کەمتر،
چی فریشتە و حۆری و پەری و باڵدار و بێ باڵ هەبوو
کردنی بەمۆم بێ ئەوەی هەڵیانوەرێنێ.
کردنی بە شووشە بێ ئەوەی بیانشکێنێ
لە کەنار ئاوی ڕەشی ئەم ڕۆژە کپەدا
پۆل پۆل کۆترەکان سپی ئەچوونەوە-
هەر ئەوە بوو نەیانئەگماند.
لە مەزرا و پاوانە سەوزەکانی ئەم ڕۆژە گێژ و وێژەدا
ئەسپەکان ڕەوە ڕەوە پاڵ کەوتبوون
هەر ئەوەبوو نەیانئەحیلاند.
لەبەردەم ئەم هەوا شێتەدا
کێ ئەتوانێ بە پێوە بوەستێ؟
کێ دەستەوەستان نابێ؟
( شێرکۆ بێکەس- دەربەندی پەپوولە)