یەکەمین کۆنگرەی نێونەتەوەیی هەورامان لە زانکۆی کوردستانی سنە بەڕێوەدەچێت
سەرۆکی زانستگای کوردستان ڕایگەیاند بەمەبەستی ناساندنی توانا و پتانسێلە فەرهەنگییەکانی هەورامان یەکەم کۆنگرەی نێونەتەوەیی بە بەشداریی زانستگای کوردستان و زانستگای هەڵەبجە و بە ئەگەری زۆرەوە زانکۆی ڕازی کرماشان لە گەڵاڕێزانی ساڵی 1401 بەڕێوەدەچێت.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەحمەت سادقی سەرۆکی زانکۆی سنە لە ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی لە سیستەمی یەکەمین کۆنگرەی نێونەتەوەیی هەورامان وتی: یەکێک لە `پتانسێلە تایبەتەکانی پارێزگای کوردستان و پارێزگای کرماشان هەبوونی ناوچەی گەشتیاریی هەورامانە کە گەلاوێژی ئەمساڵ تۆماری جیهانی کرا.
لای خۆیەوە مەهاباد کامل عەبدوڵڵا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەی هەرێمی کوردستانیش کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشێوەی ئۆنلاین بەشداری دەکرد وتی: هەورامان گەنجینەی ئەدەبی، مێژوویی، فەرهەنگی و جوگرافی بێ وێنەیە کە پاش تۆمار کردنی دەسکەوتی بەنرخی هەبووە.
ناوبراو گوتیشی : دەبێت هەموو توانا و پتانسێلە شاراوەکانی ئەم ناوچەیە ئاشکرا بکرێن و بۆ ئەمەش هاوڕایی هەموو گرووپەکانی دەوێت و ڕۆڵی مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکان لەم بارەوە زۆر بەرجەستە ترە تا بە کاری لێکۆڵینەوە بتوانن ئەم ناوچەیە بە هەموو جیهان بناسێنن.