رەزامەندیی دەربڕینی مەرجداری حەماس لەگەڵ قۆناخی دووەمی پلانی ئاشتی لە غەززە
بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە رەزامەندیی دەربڕیوە لەگەڵ نەخشەڕێگای قۆناخی دووەمی گەڵاڵەی پێشنیارکراو بۆ غەززە؛ بەومەرجەی ئەو پرۆسە، ئاگربەسی هەمیشەیی، چوونەدەری بەتەواوەتی هێزە داگیرکەرەکان و دەسپێکردنی بنیات نانەوەی لێ بکەوێتەوە.
حەماس لە بەیاننامەیەکدا رەزامەندیی مەرجداری لەگەڵ نەخشەڕێگای قۆناخی دووەمی پلانی ئەمریکا دەربڕی کە لەلایەن نیکۆلای مێلادینۆف ڕێکخەری ئەنجومەنی بەناو ئاشتی و نێوەندگرەکانی دیکە خراوەتەڕوو.
ئەو بەیاننامە پاش دیدارێک دەرکرا کە لیژنەی سەرکردایەتیی حەماس بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییە لەگەڵ نێوەندگران و دەستەبەرکارانی ڕێککەوتننامەی ئاگربەس لە غەززە لەژێر چاودێریی میسر ئەنجامی دا.
ئەو ڕەزامەندیی دەربڕینە، لەئاراستەی بەرژەوەندییەکانی گەلی فەلەستین و بەئامانجی دەسڕاگەیشتن بە ئاگربەسی هەمیشەیی، کشانەوەی تۆکمەو تەواوی سوپای داگیرکەر لە کەرتی غەززە، دابینی یارمەتیی خێراو پاوەجێ، دەسبەکارکردنەوەی لێژنەی ئیداری، بنیات نانەوەو تێکڕای پەیمانە ڕێککەوتن لەسەرکراوەکان، ئەنجامی گرتووە.
بەپێی ئەو بەیاننامە، حەماس و گرووپە خۆڕاگرەکانی فەلەستین پێبەند بوون بە وادەو بەڵێنەکانیان پەیوەست بە جێبەجێکردنی بەتەواوەتی قۆناخی یەکەمی ڕێککەوتننامەی ئاگربەسی شەرموشێخ کە بریتیی بوو لە؛ گۆڕینەوەی یەخسیران و گیراوان و تەرمەکان و ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، ئەوە لەکاتێکدایە کە رژیمی داگیرکەر پێبەندی جێبەجێکردنی ئەو قۆناخە نەبووەو لەبری ئەوە، پەلامارە سەربازییەکانی لە مەیداندا تاوپێداوەو کارەساتی مرۆیی قووڵتر کردۆتەوەو تەنانەت بەئاشکرا نەخشەڕێگاکەی رەت کردۆتەوە.
حەماس هەروەها جەختی کرد، بە سەرنجدان بە پێبەندبوونی ئەو بزووتنەوە، حەماس داوای لە نیوەندگران و ئەنجومەنی ئاشتی کردووە هەتا ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیان جێبەجێ بکەن و رژێمی داگیرکەر ناچار بکەن هەموو بەڵێن و وادەکانی قۆناخی یەکەم جێبەجێ بکا، کۆتایی بە هەموو پێشێلکارییەکان بێنێ، کوشت و بڕ و دەسدرێژییەکان ڕابگرێ و ڕەزامەندیی دەرببڕێ لەگەڵ نەخشەڕێگای قۆناخی دووەم و هەروەها دەس بکا بە ئامادەکردنی خشتەی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی.
بزووتنەوەی حەماس، کرانەئامانجی ژومارێک فەلەستینی لە باکور و باشوری کەرتی غەززە لەلایەن سوپای رژیمی زایۆنییەوەی شەرمەزار کرد. حەماس هەروەها داوای لەهەموو لایەنەکان کرد بەرپرسایەتییان بۆ مسۆگەرکردنی هێمنی و سەقام بگرنەئەستۆ و بە لەگوشارنانی رژیمی زایۆنیستی، ناچاری بکەن پێبەندی ڕێککەوتنەکان بێ.