چڕبوونەوەی پەلامارەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر کەرتی غەززە
https://kurdish.sahartv.ir/news/فەلەستین-i446526-چڕبوونەوەی_پەلامارەکانی_رژیمی_زایۆنیستی_بۆسەر_کەرتی_غەززە
سەرچاوە فەلەستینیەکان ڕایانگەیاند؛ لە ئاکامی هێرشی داگیرکەرانی زایۆنیست جارێکی دیکە چەند فەلەستینی شەهید و بریندار بوون.
(last modified 2026-09-05T14:05:21+00:00 )
ئه‌یلوول 05, 2026 17:34 Asia/Tehran
  • چڕبوونەوەی پەلامارەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر کەرتی غەززە

سەرچاوە فەلەستینیەکان ڕایانگەیاند؛ لە ئاکامی هێرشی داگیرکەرانی زایۆنیست جارێکی دیکە چەند فەلەستینی شەهید و بریندار بوون.

بەپێی ڕاگەیاندنی سەرچاوە نەخۆشخانەییەکان، لە ئاکامی پەلامار و دڕندەکاریی سوپای داگیرکەر بۆسەر خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە لانیکەم دوو فەلەستینی شەهید و چەند کەسیش بریندار بوون. داگیرکەرانی زایۆنی هەروەها بە چەند ترۆمبیلی سەربازی هێرشیان کردەسەر دێربەلەح و کەمپی بورەیج لە ناوەندی کەرتی غەززەو چەند ناوچەیەکیان لە رۆژهەڵاتی غەززە دایە بەر پەلامار. لە باشووری کەرتی غەززەش، بەلەمە جەنگییەکانی سوپای زایۆنیستی لە دەریای خان یونس دەستیان کرد بە تەقەو دەسڕێژ. لە شاری رەفەحیش چەکدارانی زایۆنیست، ئەو شارەیان تۆپباران کرد. چەکدارانی زایۆنی سەرلەبەیانی ئەمڕۆش بە کەڵک وەرگرتن لە گولـلەی جەنگی و ڕووناککەرەوە، تەقەیان لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە کرد. لەلایەکی دیکەوە، هێزی بەرگریی شارستانیی غەززە باسی لە دۆزرانەوەی تەرمی ٥٥ شەهیدی فەلەستینی لەژێر دارووپەردووی باڵەخانەی خێزانێک لەناوچەی زەیتون لە غەززە کرد. ڕێکخراوی فریاگوزاریی غەززە جەختی کرد، کەمیی کەرەستەو مەکینەی قورس، پرۆسەی بەدواداگەڕان و هێنانەدەری تەرمی شەهیدان لە ژێر دارووپەردووی بەرەوڕووی گرفت کردووە. ئەو ڕێکخراوە داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ کرد، شۆڤڵ و بێڵە میکانیکییەکان و لۆری وبارهەڵگری پێویست بۆ کەمڵاندنی پرۆسەی ڕاکێشان وهێنانەدەری تەرمەکانی ژێردارووپەردوو، تەیار بکەن. بەپێی ڕاپۆری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە، تەرمی نزیک بە هەشت هەزار شەهیدی فەلەستینی هەروا لەژێر دارووپەردوو داماوەتەوە.

داگیرکەرانی زایۆنی لە درێژەی پەلامارەکانی ئەمڕۆیان بۆسەر غەززە، ناوچەی سودانییە لە باکوری رۆژاوای شاری غەززەیان دایەبەر پەلامار کە بەهۆیەوە، هاووڵاتییەکی فەلەستینی بریندار بوو. نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرزەوینە داگیرکراوەکانی فەلەستینیش لە ڕاپۆرێکدا رایگەیاند: سەرباری تێپەڕینی نزیک بە ساڵێک بەسەر ڕێککەوتننامەی ئاگربڕ، هیچ شوێنێکی هێمن لە کەرتی غەززە، بوونی نیەو هیچ کەس لەو ناوچە، لەئەماندا نییە. ئەو ڕاپۆرە، شەهیدکرانی ٢٤ فەلەستینی، لەوان چوار منداڵ و ژنێک، لە ئەنجامی دەسدرێژیی رژێمی زایۆنیستی لەماوەی پێنج رۆژدا لەنێوان کۆتاییەکانی مانگی ئاب هەتا یەکی ئەیلولی بەدێکۆمێنتاریی کردو ڕایگەیاند، ٢١ کەس لەوان لەئاکامی بۆردومانەکان، شەهید بوون.