درێژەی تاوانکاریی رژیمی زایۆنیستیی لە غەززەو لوبنان
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاند: لەکاتی دەسپێبوونی شەڕ دژی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە تائێستا، ژماری شەهیدان گەیشتووەتە ٧٤هەزار و ٥٩٤ کەس و ژماری بریندارانیش ١٧٥هەزار و ٨٣٤ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند: لەدرێژەی جەنایەتەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە، شەش فەلەستینی شەهیدو بیست و شەش کەسیش بریندار بوون. لەکاتی دامەزرانی ئاگربڕ لە یازدەی ئۆکتۆبەری دوو هەزار و بیست و پێنجیشەوە، هەزار و پێنجسەد و هەشتا کەس شەهیدو پێنج هەزار و حەوتسەدو یازدە کەسیش بریندار بوون. بەرپرسانی خۆجێی شاری ئەلخەلیل لە کەناری رۆژاواش رایانگەیاند، گەمارۆدرانی سەربازیی یەک هەفتەیی ئەو شارە لەلایەن رژیمی زایۆنییەوە، سێ هەزار و سێ سەدو شەست و یەک فەلەستینی ناچار کرد ماڵ و حاڵیان جێ بێڵن کە هەزار و چوارسەدو بیست و پێنجیان منداڵن. سەرچاوە لوبنانییەکانیش ڕایانگەیاند؛ سوپای داگیرکەری زایۆنی، شارۆچکەی "کەفەر تەبنیت" و ناوچەی "ئەلعەریش" و دوو شارۆچکەی "حەداسا" و "حاریس" لە باشووری لوبنانی تۆپباران کرد.