خێوەتی ئاوارەکانی غەززە بوون بە ژێر ئاوەوە
دوابەدوای باران بارینی بەخوڕ و هەروەها هەڵکردنی بای توند، ڕێکخراوی بەرگریی شارستانیی غەززە بە ڕاگەیاندنی ژێرئاوکەوتنی زۆرێک لە پەناگە و خێوەتەکان، هۆشدارییدا لە حاند سەرهەڵدانی کارەسات لەم ناوچەیەدا.
رائید دەهشان، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی بەرگریی شارستانیی غەززە، بە هۆشداریدان لە حاند ڕوودانی کارەساتی مرۆیی لەم کەرتەدا، ڕاشیگەیاند کە بە دەستپێبوونی وەرزی بارانبارین لە کەرتی غەززە، تا ئێستا ٧٠ هەزار خێوەتی ئاوارەکان چوونەتە ژێر ئاو و بە ملیۆنان دۆلار زیان بە خەڵک گەیشتووە. رائید دەهشان وتیشی کە بەسەرنجدان بە بارودۆخی نالەباری مرۆیی لەم ناوچەیە، خوازیاری دابینکردنی خێرای خێوەتی تازە و بەکەڵکە، ناوبراو داوای لە هەموو خەڵکی جیهان کرد کە کەرەستە و ئیمکاناتی پێویست دابین بکەن بۆ ئەوەی بتوانین گیانی مرۆڤەکانی ئێرە ڕزگار بکەین. بەڕێوەبەری ناوەندی بەرگریی شارستانیی غەززە جەختی کردەوە کە لەبەر بارانبارینی بەخوڕ و هەڵکردنی بای توند، ژمارەیەکی زیاتر لە خێوەتەکان تەواو وێران بوون. ناوەندی بەرگریی شارستانیی غەززە هەروەها ڕایگەیاندووە کە باڵاخانەیەکیش لە ئۆردوگای نوسەیرات بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەوە تەواو داڕماوە. ئەم ڕێکخراوەیە هۆشداریی دا لە حاند ڕوودانی کارەساتی مرۆیی لە کەرتی غەزە بەسەرنجدان گەیشتنی وەرزی سەرما و وتیشی کە ئەولەوییەتیان ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤەکانە. ڕێکخراوی بەرگریی شارستانیی غەزە جەختی کرد کە زیاتر لە ١٥٠٠ داخوازیان لە لایەن ئەو شارومەندانەوە وەرگرتووە کە خێوەتەکانیان زیانی پێگەیشتووە. ئەم ڕێکخراوەیە وتیشی کە بەسەرنجدان بە بارودۆخی کەشوهەوا، دەیان پەناگە و هەزاران خێوەت بوونەتە ژێر ئاوەوە و ئێستا هەزاران ئاوارە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە بێ پەناگە و داڵدا ماونەتەوە، و ئەوەش خۆی لەم وەرزی سەرما و سۆڵەیەدا کارەساتێکی تازەی مرۆییە. ناوەندی بەرگریی شارستانیی غەززە جەختیشی کرد کە ژمارەیەک لە ئۆردوگا و کەمپەکان بە تەواوەتی تیاچوونە، و بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتەوە ئەم ڕێکخراوەیە توانای یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی نییە و کەرتی غەززە ئێستا پێویستییەکی تەواوی هەیە بە لانیکەم٣٠٠ هەزار خێوەت. ئەم ڕێکخراوەیە پێشبینیی کردووە کە بە سەرنجدان بە بەڕێوەبوونی شەپۆلی بارانی بەخوڕ و بێبڕانەوە، هەموو پەناگە و خێوەتەکان دەچنە ژێر ئاوەوە. سەدان هەزار فەلەستینی پاش خاپووربوونی ماڵەکانیان، ئێستاش هەر لە خێوەتەکان، ناوەندەکانی نیشتەجێکردنی کاتی و باڵەخانە زیانلێکەوتووەکاندا دەژین و لە سەرپەنا، ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی لەبار و بتەو و بەرگەگر بەرامبەر بە باران و سەرما و سۆڵە بێبەشن.