May 01, 2022 13:42 Asia/Tehran
  • ئەمڕۆ یەکی ئایار رۆژی  جیھانیی کرێکارانە ، ئاوڕێک لە رەوشی کرێکاران لە ھەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ 1ی ئایاری 2022 ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانی کرێکارانە، لە هەرێمی کوردستان لەم ڕۆژەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ساز دەکرێن، لە دامودەزگە فەڕمییە حکومەتییەکانیشدا دەکرێتە پشووی فەڕمی، بەڵام کرێکاران خەریکی کاری خۆیانن.

 

لە یەکی ئایاری ساڵی ١٨٨٦ دا لەشیکاگۆ دواتریش لە تۆرێنتۆ کرێکاران خۆپیشاندانێکیان لەژێر درووشمی (ھەشت کاتژمێر کارکردن) ( ھەشت کاتژمێر بۆ نووستن) (ھەشت کاتژمێر بۆ پشوو و ڕابواردن) سازکرد.

ئەم داواکارییەی کرێکاران، دەسەڵاتداران و خاوەنکارانی نیگەرانکرد، بۆیە هێزە ئاسایشییەکان دەسڕێژیان لە خۆپیشاندەرانکرد، بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژران و ژمارەیەکی دیکە دەستگیرکران و چوار سەرکردەی خۆپیشاندەران سزای سێدارەیان بۆ بڕایەوە.

لە هەرێمی کوردستان مافی کرێکاران لەئەوپەڕی خراپیدایە، بەجۆرێک لە ڕۆژەکەی خۆشیاندا کە دەکرێتە پشووی فەڕمی، ئەوان لەکاردان لەبەر ئەوەی خاوەنکارەکان مۆڵەتیان پێنادەن، بەڵام فەرمانبەرانی کەرتی گشتی پشوو وەردەگرن و دەچن بۆ گەیشت و سەیران.

کرێکاران لە هەرێمی کوردستان مافەکانی کارکردنیان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە بۆ دابینناکرێت و موچە و حەقدەستیان نادرێتێ، لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە و گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە و لە گرێبەستی کارکردنیاندا ڕەچاوی بەرژەوەندی خاوەنکاران دەکرێت.

کرێکاران لە هەرێمی کوردستان لە ڕەوشێکی خراپی گوزەرانیاندا دەژیێن و درێژایی تەمەنیان بە کولەمەرگی دەبەنەسەر، ناتوانن وەک کەسانی دیکە ببن بە خاوەنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و کەسوکاریان.

لە هەرێمی کوردستان کرێکاران کاریان دەستناکەوێت، قۆرخکاری و خزمخزمێنە و حیزبایەتی و زۆر لایەنی دیکە ڕەچاو دەکرێن و کرێکاران بەشێوەیەکی یەکسان ناچنە سەرکار.

کرێکاران لە مەیدانەکانی کاردا دەبێت لە بەیانی زووەوە تا ئێوارە چاوەڕێی فەرمووی خاوەنکارێک بکەن و کرێی گواستنەوە و خواردنیش بدەن، بەڵام ئێوارە بە نائومێدی و دەست و گیرفانی بەتاڵ دەگەڕێنەوە نێو ماڵ و منداڵیان و کاریان دەستناکەوێـت.

هێنانی کرێکاری بیانی لە ڕێی کۆمپانیاکان و هاتنی کرێکاری دیکەی وڵاتانی دەوروبەر لەسەر خواستی خۆیان، بازاڕی کاری کرێکارانی نێوخۆی کزکردووە، یان نرخی کارکردنی زۆر دابەزاندووە، چونکە کرێکارانی بیانی لە کوردستان بە پارەیەکی کەم کاردەکەن بەهۆی بەرزی بەهای دراوی عیراقی و دۆلاری ئەمریکایی و نزمی بەهای دراوی وڵاتەکانی خۆیان، بەمهۆشەوە خاوەنکارەکان تا کرێکارانی بیانی هەبن، کار نادەن بەکرێکارانی نێوخۆ، کرێکارانی نێوخۆش ناتوانن بە کرێی کەم کاربکەن، چونکە بەشی خەرجییەکانیان ناکات.

هاوکات کۆمپانیا بیانییەکان کە دێنە هەرێمی کوردستان و مۆڵەتیان پێدەدرێت، کرێکاری خۆیان دەهێنن لە وڵاتەکانیانەوە، کار بە کرێکاری نێوخۆ ناکەن، ئەمەش کەموکورتی دامودەزگە حکومەتییە پێوەندیدارەکانە، کە لە پێدانی مۆڵەتی کۆمپانیاکاندا ڕەچاوی ئەم خاڵە ناکەن.

نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی کار و گرەنتیکردنی کرێکاران لە کاتی ڕووداودا خاڵێکی دیکەیە، چونکە کە کرێکاران تووشی ڕووداوێک دەبن، خاوەنکار یان دەزگایەکی حکومەتی نییە کە تێچووی ژیانی خۆی و خێزانی و تێچووی چارەسەری بگرێتەئەستۆ، تا چاک دەبێتەوە.

لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک یاسا لەبەرژەوەندی کرێکاران دەرکراون، بەڵام ئەو یاسایانە کاریان پێناکرێت و پشتگوێخراون، بۆیە بە پێویستدەزاندرێت ئەو یاسایانە بخرێنەبواری جێبەجێکردنەوە و کۆمەڵێک یاسای دیکەش بۆ گرەنتیکردنی ژیانی کرێکاران و بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەرانیان دەربکرێن.

سەرچاوە : ماڵپەڕی خەڵک

سەرپەیڤ