تشرینی دووه‌م 04, 2022 22:33 Asia/Tehran
  • کۆتایی ژماردنەوەی دەنگەکانی بیست و پێنجەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕژێمی زایۆنیستی

ڕادیۆی سوپای ڕژێمی زایۆنی شەوی پێنجشەممە لە سەر ھەینی ڕایگەیاند: ژماردنەوەی دەنگەکانی بیست و پێنجەمین ھەڵبژاردنی کنێسێت (پەرلەمان)ی ئەم ڕژێمە کۆتایی هاتووە.

بەپێی ئامارە کۆتاییەکان، پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی «بینیامین ناتانیاهۆ» ٣٢ کورسی و پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتیی«یائیر لاپید» سەرۆکوەزیرانی ئێستا ٢٤ کورسی و پارتی زایۆنیستی ئایینی بە سەرۆکایەتی «سمۆتریچ» ١٤ کورسی بەدەست هێناوە.

هەروەها کەمپی حکومەت بە سەرۆکایەتیی «بینی گانتێز» ١٢ کورسی هەیە، پارتی شاس بە سەرۆکایەتی «دیرعی» ١١ کورسی دەست خستووە، کۆمەڵگەی جوولەکەکانی تۆراتی ٧ کورسی هەیە، «ئیسرائیل ماڵی ئێمەیە» بە سەرۆکایەتی «ئەڤیگدۆر لیبەرمەن» وەزیری پێشووی جەنگی دەوڵەتی ناتانیاهۆ ٦ کورسیی مسۆگەر کردووە.

بەم شێوەیە هاوپەیمانییەکەی «ناتانیاهۆ» بەگشتی ٦٤ کورسیی بەدەست هێناو وا دیارە دەبێ دەوڵەتی داهاتوو پێک بهێنێت.

لە پەرلەمانی نوێدا کەسانێک هەن کە هاوپەیمانی ناتانیاهۆن، هەندێکیان لە بنەڕەتدا هیچ ئەزمونێکی سیاسییان نییە، بەڵام ڕکابەری پۆستە سەرەکییەکانن.

«بێتسلائیل ئەسموتاریچ» و «ئیتمار بن غافیر» کە سەرکردەی ڕاستڕەوی توندڕەون لە سەرزەوییە داگیرکراوەکاندا، بە کەسایەتیگەلێکی خاوەنی پێشینەی سەرەڕۆیی و توندئاژۆیی و بیرۆکەی سەیرو سەمەرە دادەنرێن و تەنانەت «ئەسموتاریچ»یش لە ساڵی ٢٠٠٥ بە تاوانی ڕێکخستنی خۆپیشاندانێکی توندوتیژ بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ کشانەوەی تاکلایەنەی ئیسرائیل لە غەززە، دەستگیرو دادگایی کرا.

«بێتسلائیل ئەسموتاریچ» پێش هەڵبژاردنەکان داوای وەزارەتی جەنگ لە کابینەکەی ناتانیاهۆی کرد بوو. ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بەبێ وەرگرتنی چەند پۆستێکی وەزاری هاوپەیمانیی ناتانیاهۆ ناکەن، لەکاتێکدا کە جیا لە بیری  ڕەگەزپەرستانە، وەک کەسانێکی بە گەمژەو بێ مێشک ناویان دەر کردووە کە تەنانەت بیرکاری و فیزیاش بە زانست نازانن.

بەم پێیەهەرچەندە پێدەچێت ناتانیاهۆ بەبێ هیچ کێشەیەک کابینەیەک پێک بهێنێت، بەڵام سەرباری ئەمەش لێکدانەوەکان دەربڕی ئەوەن کە کابینەی داهاتووش تەمەنی زۆر ناخایەنێت.

سەرپەیڤ