دوابەدوای تەشەنای پەلاماری زایۆنییەکان، بارودۆخ لە رەفەح کارەساتبارە و ژمارێکی زۆر لە شەهیدان لەژێر دارووپەردوو دان
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە رایگەیاند: ڕەوشی مرۆیی و تەندروستیی لە رەفەح یەکجار کارەساتبارەو هەروا ژمارێکی زۆر لە شەهیدان، لەژێر دارووپەردوو دان.
"ئەشرەف ئەلقەدرە" وتی: ژماری شەهیدانی بۆردومانی شەوی ڕابردووی رژیمی زایۆنی بەدژ رەفەح، لە پتانسێل وبارستای نەخۆشخانەو ناوەندە پزشکییەکانی ئەو شارە زیاترە، تەرمی زۆرێ لە شەهیدان لەژێردارووپەردوو دایەو لەهەوڵداین ئەوان بێنینەدەر.
ناوبراو بەئاماژە بە کەمیی ئیمکاناتی دەرمانی لە رەفەح وتی: لەبەر لاوازیی ژێرخانە تەندروستی و دەرمانییەکان لەو شارە، قەرەوێڵەی پێویست بۆ وەرگرتنی برینداران بەردەست نیەو ئەو کەسانە لەحاڵێکدا کە لەسەر عەرز کەوتوون، لەلایەن ستافی پزشکییەوە چارەسەر وەردەگرن.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە لەبارەی شوێنهاتەکانی هێرشی ویشکانیی سوپای رژیمی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح وشداریی داو وتی کە، بۆردومانی شەوی ڕابردووی سوپای ئەو رژیمە، ماڵ و خانووبەرەو مزگەوتەکانی کردەئامانج، بۆیە ژماری کوژراو و بریندار زیادی کردووە.
فڕۆکە شەڕکەرەکانی رژیمی زایۆنیستی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە سەد وبیست و نۆیەمین رۆژی "باهۆزی ئەقسا"، خانووبەرەکانی نزیک بنکەی مانگی سوری فەلەستین لە ناوەڕاستی شاری رەفەحیان بۆردومان کرد وتائێستا زیاتر لەسەت فەلەستینی شەهیدو پتر لە٢٣٠کەسیش بریندار بوون.
بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی و حەماس وشدارییان دا بە رژیمی زایۆنی لەحاند شوێنهاتەکانی هەرچەشنە پەلامارێکی ویشکانی بۆسەر رەفەح.
"ئیحسان عەتایا" ئەندامی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین وتی: ئێمە لە هێزو توانای خۆراگریی دڵنیاین بۆ زەبروەشاندنی قورس لە دوژمنی زایۆنی، بێتوو هێرشی زەوینی بکاتەسەر رەفەح.
"ئەحمەد عەبدولهادی" نوێنەری بزووتنەوەی حەماس لە لوبنانیش وتی: هەڕەشەوگوڕەشەی "بنیامین نەتانیاهو"ی سەرۆک وەزیرانی رژیمی داگیرکەر بە هێرشی ویشکانیی سەر رەفەح لە ئاراستەی ناچارکردنی خۆڕاگرییە بە چاوپۆشی کردن لە مەرجەکانی لە دانوستانەکاندا.
هاوکات "مستەفا بەرغوسی" ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی دەسپێشخەریی نیشتمانیی فەلەستین وتی کە؛ "جۆ بایدن"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا گڵۆپی سەوزی پێشانی نەتانیاهو داوە بۆ دەسپێکردنی هێرشی سەربازیی بەرفراوان بۆسەر رەفەح لە باشوری کەرتی غەززە.
مستەفا بەرغوسی وتیشی: قسەکانی ئەم دواییەی بایدن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ نەتانیاهو، پێچەوانەی ئەوەیە واپێشتر وتبووی، چونکە بایدن پێشتر دانی بەوەدانابوو کە هێرشی سەربازیی سوپای رژیمی زایۆنی بۆسەر گشت کەرتی غەززە، لەڕادە بەدەر بووە.
بەپێی هەواڵێکی دیکە، گوردانەکانی "سرایا القدس" لقی سەربازیی بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین ڕایگەیاند کە بنکەی سەرکردایەتی وکۆنترۆڵی سوپای رژیمی زایۆنی لە باشوری کەرتی غەززەی، پێکاوە.
گوردانەکانی سرایا القدس لە درێژەی پاڵپشتی و بەرەڤانیی خۆی لە گەلی ستەملێکراوی فەلەستین ڕایگەیاند کە بنکەی سەرکردایەتی سوپای رژیمی زایۆنی لە ناوەندی خان یونس لە باشوری کەرتی غەززەی بە هاوەن کردۆتە ئامانج.