١٤١ـەمین رۆژی ژینۆساید لە غەززە، زەنگی وشدار لە١٣شوێن لە ئەلجەلیل، نەخۆشخانەکانی رەفەح ناتوانن راژەکاریی بخەنەبەردەست
لە سەدوچل ویەکەمین رۆژی ژینۆسایدی زایۆنییەکان لە کەرتی غەززە، ژێدەرە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند؛ دوای دزەی درۆنەکانی خۆڕاگریی بۆ باکوری فەلەستینی داگیرکراو، زەنگی وشداری لە سێزدە شوێن لە ئەلجەلیلی سەرەوە لێدرا.
هاوکات و لەدرێژەی دەسدرێژکاریی و تاوانکارییە بەردەوامەکانی سوپای رژیمی زایۆنی بەدژ خەڵکی ستەملێکراوی کەرتی غەززە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای زایۆنی، ماڵ و خانووبەرەی خەڵکی ناوچەی ناوەندیی کەرتی غەززەیان بەقورسی بوردومان کرد.
ماڵ و خانووبەرەی خەڵک لە "دێرولبەلەح " وئوردوگای "ئەلمغازی" کەوتە بەرپەلاماری داگیرکەران کە شەهیدو برینداربوونی دەیان کەس لە خەڵکی بێتاوانی لێکەوتووەتەوە.
هاوکات لەگەڵ درێژەی بوردومانی ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، چەکدارانی سوپای زایۆنی هێرشیان کردەسەر شارۆچکەی "بەیت فوریک" لە رۆژهەڵاتی نابلۆس، ناوچەی "ئەلمەرج" لە شاری قلقیلیە، گوندی"عەربونە" لە باکوری رۆژهەڵاتی جنین و ئاوایی "ئەلتوانە" لەباشوری ئەلخەلیل هەڵکەوتوو لە کەناری رۆژاوایی.
فرۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنی هەروەها لە یەکەم ساتەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، چەند ناوچەی باشوری لوبنانیان بوردومان کرد. وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش ڕایگەیاند: ١٥٠ ناوەندی پزیشکی و نەخۆشخانەیی لە غەززە وێران بوو. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززەش وتی: زیاتر لە یەک ملوێن کەس لەبەر بەدخۆراکی لە کەرتی غەززە، ئازار دەکێشن. هاوکات داگیرکەران ڕێگەنادەن کەرەستەو پێداویستییە پزشکییەکان و سوتەمەنی بگاتە باکوری کەرتی غەززە.
ئێستا تەنیا سێ نەخۆشخانە لە رەفەح چالاکن کە زیاتر لە یەک ملوێن و ٣٠٠هەزار ئاوارەی فەلەستینی تێیاند جێگیرکراون و ئەو نەخۆشخانانە بەهیچ لەونێک لەبەر ڕێژەی زۆری بریندار و سەردانیکەران، ناتوانن ڕاژەکاریی شیاو بخەنە بەردەستیان.
بەپێی هەواڵێکی دیکە، بە شەهیدبوونی دوو پەیامنێری دیکە ژماری شەهیدانی پەیامنێر لە دەسپێکی شەڕی ژینۆسایدی رژیمی ئیسرائیل بەدژ دانیشتووانی کەرتی غەززە بۆ ١٣٢ کەس زیادی کرد.
محەممەد تشرین یاغی وێنەگری پەیامنێری فەلەستینی هاوڕێی کچ وهاوسەرەکەی لە پەلاماری فڕۆکەکانی سوپای رژیمی زایۆنی لەنزیک نەخۆشخانەی ئەقسا لە دێرولبەلەح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە شەهید بوون.