درێژەی تاوانکاریی زایۆنییەکان لە ٣٢٣یەمین رۆژی ژینۆسایدی زایۆنیستەکان لە کەرتی غەززە
لە ٣٢٣ یەمین رۆژی ژینۆسایدی زایۆنیەکان لە کەرتی غەززە، یازدە فەلەستینی دیکە لە ئاکامی پەلاماری چەکدارانی رژیمی زایۆنی بۆسەر ماڵێک لە خان یونس شەهید بوون.
لە٣٢٣یەمین رۆژ لە دەسپێکی هێرشی رژیمی داگیرکەر بۆسەر غەززە، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین رایگەیاند، لە حەوتی ئۆکتۆبەری٢٠٢٣وە تائێستا چل هەزار و ٣٣٤ هاووڵاتیی فەلەستینی لە کەرتی غەززە شەهید بوون. خولی تازەی دانوستانەکانی ئاگربڕ لە قاهیرە بەئامادەبوونی شاندی ئەمریکی و ئیسرائیلی دەسپێبووە، شاندێکی رژیمی ئیسرائیل بە سەرپەرشتیی "رونین بار"سەرۆکی شاباک و "دەیڤید برنیا"ی سەرۆکی موساد و وەڤدێکی ئەمریکا بە سەرپەرشتیی"رابرت مەک گورک" نوێنەری جۆ بایدێن بۆ کاروباری رۆژاوای ئاسیا لە قاهیرەن.
هاوکات سوپای داگیرکەری رژیمی زایۆنی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ماڵێکی لە گەڕەکی "ئەلئەمەل" لە شاری خان یونس لەباشوری کەرتی غەززە بۆردومان کرد کە بەهۆیەوە، یازدە فەلەستینی شەهید و چەند کەسیش بریندار بوون.
لە هەواڵێکی دیکەدا هاتووە، گوردانەکانی شەهیدانی ئەقسا بنکەو پێگەی چەکدارانی دەسدرێژکاری زایۆنیان لە رۆژهەڵاتی دێرولبەلەح لە کەرتی غەززە بەهاوبەشیی گرووپی "ناسر سەلاحەدین" مووشەکباران کردووە.
کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند، نزیک بە٩٠ لەسەتای دانیشتووانی کەرتی غەززە لە ئۆکتۆبەرەوە، ئاوارە بوون.
لەهەمان کاتدا، ڕاگەیێندرا، داگیرکەرانی زایۆنی، ناوچە ئاوەدانەکانی باشوری لوبنان لە شارەکانی "رەب سەلاسین" و "تەییبە"یان بە بۆمبی فۆسفۆری بۆردومان کردووە.
بزووتنەوەی حیزبووڵڵای لوبنان لە سێیەم بەیاننامەی خۆیدا ڕایگەیاند کە ئامێر وکەرەستە شۆڤارییەکانی سوپای رژیمی زایۆنی لە پێگەی سەربازیی "راهب" بە درۆنێکی ئینتیحاری کردۆتەئامانج کە درۆنەکەش راستەوخۆ ئامانجەکەی پێکاوە.