درێژەی پەلامار و تاوانکاریی زایۆنییەکان بۆسەر غەززەو لێواری رۆژاوا
لەکاتێکدا کە شەڕی غەززە چووەتەنێو ٣٣٤ـەمین رۆژی خۆیەوە، داگیرکەرانی زایۆنی ئەمرۆ چوارشەممە درێژەیان دا بە پەلامارەکانیان بۆسەر ئەو ناوچەو ناوچە جیاجیاکانی لێواری رۆژاوا.
میدیا فەلەستینیەکان رایانگەیاند، تۆپخانەی سوپای داگیرکەر، گەڕەکی "زەیتون" لە باشوری رۆژهەڵاتی غەززەی تۆپباران کردووە. بەپێی ڕاپۆری کەناڵی هەواڵیی ئەلمەیادین، چەکدارانی رژیمی داگیرکەر بە بۆمب نانەوە لە چەند باڵەخانەو بینایەک لە گەڕەکی زەیتون هەڵکەوتوو لە باشوری رۆژهەڵاتی غەززە، ئەوانیان بەتەواوەتی وێران و خاپور کرد. میدیا فەلەستینیەکان هەروەها هەواڵی هێرشی ئاسمانیی سوپای داگیرکەر بۆسەر دەورووبەری ئوردوگای یەرموک لە ناوەندی غەززەیان بڵاو کردەوە. سەرچاوە هەواڵییەکان دیسان ڕایانگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنی چەند ناوچەیەکی باکوری رۆژاوای شاری غەززەیان بۆردومان کردووە. ڕێکخراوی بەرگریی شارستانیی غەززەش ڕایگەیاند، لەڕەوتی پەلاماری داگیرکەران بۆسەر ماڵی بنەماڵەی"مەدهون" لە گەڕەکی"دورەج" لەناوەندی شاری غەززە، کەسێک شەهیدو شەش کەسیش بریندار بوون. لەئاکامی هێرشی رژیمی زایۆنی بۆسەر خێوەتی ئاوارەکان لە پارێزگای خان یونس لە باشوری کەرتی غەززەش دوو فەلەستینی شەهید بوون.
لە ئاکامی دوو هێرشی سوپای داگیرکەر بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی شاری رەفەحیش حەوت فەلەستینی شەهید بوون. زایۆنییەکان هەروەها دەورووبەری ناوەندێکی ئیسلامیان لە گەڕەکی "سەبرە" هەڵکەوتوو لە باشوری شاری غەززە کردە ئامانج.
داگیرکەرانی زایۆنی لە سنورە رۆژهەڵاتییەکانی شارۆچکەی "عەبەسان" لە رۆژهەڵاتی خان یونس جێگیربوون و تەقەیان کردووە لە ماڵ و خانووبەرەی هاووڵاتیانی فەلەستینی. چەکدارانی سوپای داگیرکەر هەروەها هێرشیان کردۆتەسەر ناوچە ئاوەدانەکانی باکوری رۆژاوای شاری رەفەح لە باشوری کەرتی غەززەش.
سێ هاووڵاتیی فەلەستینی لە ناوچەی "دەوار ئەلعیلم" لە شاری رەفەح بە زەبری گولـلەی داگیرکەران بریندار بوون. داگیرکەرانی زایۆنی ماڵی خێزانی"ئەلهور"یان لە ئوردوگای ژمارە یەکی نوسەیرات بۆردومان کرد. لەو پەلامارەدا کەسێک شەهید و چەند کەسیش بریندار بوون.
رژیمی زایۆنیستی هەروەها گردووپەڕی خوێندنگەی "شیما" لە بەیت لاهیا هەڵکەوتوو لە باکوری غەززەی بۆردومان کرد. چەکدارانی رژیمی زایۆنیستی هەروەها پەلاماریان کردۆتەسەر ماڵی شەهید "موهەننەد عسود"ی جێبەجێکەری هەڵمەتی "ترقومیا" لە شارۆچکەی "ئەدۆنا" لە باکوری رۆژاوای ئەلخەلیل. زایۆنیەکان هەروەها رێگای چوونەژوورەوەی ئوردوگای "ئەلفەوار" لە باشوری ئەلخەلیلیان داخست و "عەزمی عەبدولحەمید ئەبوو ئەسنینە"ی شارومەندی فەلەستینیان قۆڵبەست کرد.