رۆژی٣٤٣یەمی باهۆزی ئەقسا، پەلامارەکانی سوپای رژیمی زایۆنیستی بۆسەر غەززە هەروا بەردەوامە
پەلامارەکانی سوپای رژیمی زایۆنی بۆسەر شوێنە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززەو لێواری رۆژاوایی هەروا بەردەوامەو تادێ ژمارێکی زۆرتر لە هاووڵاتیانی فەلەستینی لە ئاکامی جەنایەتی دڕندانەی زایۆنییەکان شەهید و بریندار دەبن.
لەئاکامی پەلاماری سوپای رژیمی زایۆنیستی بۆسەر ماڵێک لە "فالوجا" هەڵکەوتوو لە ئوردوگای "جەبالیا" لەباکوری کەرتی غەززە، فەلەستینیەک شەهید بووە.
لە هێرشی سوپای رژیمی داگیرکەری زایۆنی بۆسەر ماڵێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ئوردوگای نوسەیڕات لە ناوەندی کەرتی غەززەش، دوو ئافرەتی فەلەستینی شەهید و دە کەسی دیکەش بریندار بوون.
هێرشی تانکەکانی سوپای رژیمی زایۆنی بۆسەر ماڵێکی دیکە لە ناوچەی "ئەلمەواسی" هەڵکەوتوو لە باشوری کەرتی غەززەش شەهیدبوونی پێنج فەلەستینی و برینداربوونی چەند کەسی دیکەی لێکەوتووەتەوە.
چەکدارانی سوپای زایۆنی بە هێرش بۆسەر ئەلخەلیل لە لێواری رۆژاواش پێنج کەسی سیڤیل لەوان منداڵیکیان بریندار کرد.
چەکدارانی سوپای رژیمی زایۆنی هەروەها هێرشیان کردەسەر شارۆچکەی "بەیت عەوا" لە رۆژاوای شاری "دورا" هەڵکەوتوو لە باشوری ئەلخەلیل لە لێواری رۆژاوا. شارۆچکەی "بەیت فەجار" لە باشوری "بەیت لەحم"یش لەلایەن سوپای رژیمی زایۆنییەوە، پەلاماری کرایەسەر.
سوپای زایۆنی لە هێرشەکەی بۆسەر شارۆچکەی "عەزبە ئەلجراد" هەڵکەوتوو لە شاری تولکەرم لە لێواری رۆژاوا، باڵەخانەیەکی ئاوەدانیان وێران کرد.