بەردەوامبوونی جەنایەتەکانی سوپای تیرۆر لە غەززە
وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە لە ڕۆژی ٤٢٦ـەمی شەڕدا ڕایگەیاند کە سوپای داگیرکەری زایۆنی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا پێنج کوشت و کوشتاری دژ بە خەڵکی مەدەنی فەلەستینی لەم کەرتەدا ئەنجام داوە.
وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک باسی شەهید بوونی ٤٨ فەلەستینیی دیکە لەم کەرتەی کرد لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، جیا لە بریندار بوونی ٢٠١ کەسی دیکەیش. فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی دەستیان دایە بۆردومانی خێوەتەکانی ئاوارە فەلەستینییەکان لە ناوچی ئەلمەواسیی خان یونس لە باشووری غەززە کە لەو بۆردومانانەدا ٢٠ فەلەستینی شەهید بوون و دەیان کەسیش بریندار.
لە کاتێکدا بۆردومانی ناوچە مەدەنییەکانی کەرتی غەززە ئێستایش هەر بەردەوامە کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنی لە کەرتی غەززە ، نموونەی زەقی بنپێکردنی کۆنوانسیۆنی ژینۆسایدی نەتەوە یەکگرتووەکانە. لە راپۆرتەکەی ئەم ڕێکخراوەیەدا هاتووە کە سیاسەتەکانی ئیسراییل نەک هەر بە مەبەستی تیابردنی ژێرخانە گرینگەکانی غەززە ئەنجام دەبێ بەڵکوو بەنیازی تیابردنی هێدی هێدیی حەشیمەتی فەلەستینییەکانیش داڕێژراوە.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بە شەرمەزار کردنی ئەم کردەوانە، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد کاردانەوەی خێرتریان هەبێ و ئیسراییل بخەنە بن گوشاروە، هەروەها ئەم ناوەندە نیودەوڵەتییە خوازیاری ئازادکرانی دەستبەسەرکرانی ئیسراییلیشی بووە.
سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئانتۆنیۆ گۆتێرێشیش لە لێدوانێکدا پێیداگرت لە سەر پێویستیی بەردەوامبوونی چالاکاییەکانی ئاژانسی ئانڕوا لە بواری یارمەتیدانی خەڵکی فەلەستین، گۆتێریش جەختی کرد: مان و نەمانی فەلەستینییەکان بەسراوەتەوە بە ئانڕوا وەک گرینگترین و سەەرەکیترین ناوەندی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر و فریاگوزار بۆ فەلەستینییەکان و هیچ ناوەندێکی دیکە ناتوانێ جێگای ئانڕوا بگرێتەوە.
ئەوە لە کاتێکایە کە لە ماوەی چەن مانگی ئەمدواییەدا ڕژێمی زایۆنی سیاسەتێکی پلانبۆداڕێژراوی گرتۆتە بەر بۆ قەدەغە کردنی چالاکییەکانی ئانڕوا لە ئارستەی تەشەنەپێدانی ژینۆسایدی دژ بە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە.