٧٤ شەهید و ١٧١ بریندار لە پەلاماری ئەمریکا بۆ سەر "ڕەئس عیسا" لە یەمەن و کاردانەوەکان بەم جەنایەتە
لە خولی تازەی پەلامارە دڕندانەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن، بە دەیان شاروومەندی سیڤیل لە ڕەئس عیسا لە ڕۆژاوای یەمەن شەهید و بریندار بوونە.
سەرچاوە پزیشکییەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە کە لە پەلاماری دڕندانەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەری نەوتیی ڕەئس عیسا لە پارێزگای حودەیدە، تا ئێستا لانیکەم ٧٤ کارمەند و کرێکاری بەندەرەکە شەهید بوون و زیاتر لە ١٧١ کەسی دیکەش بریندار بوون و پێدەچێت ژماری ئەم کەسانە زیاتریش ببێت.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە کاتێکدا پەلاماری ئەم دەروازە نەوتییەی یەمەنیان داوە کە هێزەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگر لەم بەندەرە و ڕزگارکردنی بریندارانی پەلاماری یەکەم بوو؛. بەڵام فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ جاری دووەم بەندەرەکەیان بۆردومانکرد و ئەم جەنایەتە ترسناکەیان ئەنجامدا.
بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی حەماس لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە، پێشێلکارییەکی زەقی مافی سەروەریی نەتەوەیی یەمەنە و جەنایەتێکی جەنگیی تۆکمە و تەواوە، ئەمەش نیشاندەری درێژەپێدرانی سیاسەتی دەسدرێژکارانەی ئەمریکایە دژ بە گەلانی ئازاد کە دژایەتی زاڵێتیخوازی زایۆنی و ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەن.
لە هەمان کاتدا خەڵکی یەمەن ئەمڕۆ ڕێپێوانێکی بەرفراوانیان بۆ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین بەرامبەر بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە بەڕێوە برد.
ڕێپێوانی بەرفراوانی یەمەنییەکان ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی سەعدە، ڕیمە، مەئاریب و هەندێک ناوچەی پارێزگاکانی ئەم وڵاتە بۆ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین و بەم دروشمە بەڕێوەچوو؛ (ئێمە بە هەموو تواناوە لەگەڵ غەززەین لە بەرامبەر پەرەسەندنی تووند و تیژی لەلایەن ئەمریکا و ئیسراییلەوە).