دەسپێکی شەڕهەڵایساندنی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ؛ پەلاماری مووشەکی بۆسەر سووریا
چەن کاژێر پاش ڕاگەیەندرانی راوێژکاریی بەرپرسانی ئەمریکایی لەسەر هێرشی سەربازی بۆ سووریا بە بیانووی پەلاماری شیمیایی درانی ناوچەی "خان شێخوون"ی ئەو وڵاتە ژێدەرە ڕۆژئاواییەکان ڕایانگەیاند ؛ ئەمریکا پارێزگەی حومسی سووریای داوەتە بەر مووشەک .
ئاسۆشێتێتدپرێس بە گێڕانەوە لە سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ٧٠ مووشەکی ڕێنیونی کراوە بەرەو ئامانجی خۆیان لە سووریا تەقێندراون.
هەروەها کەناڵی ئەلمەیادین، بە پشت ڕاست کردنەوەی تەقێندرانی دەیان مووشەک لە پاپۆڕە ئەمریکاییەکانی سەقامگیر لە مەدیتەرانەوە بەرەو سووریا، ڕایگەیاند بنکەی ئاسمانیی حومسی سووریا ئامانجی سەرەکیی ئەم پەلامارانە بووە.
هێشتا هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ڕادەی زەبر و زیانی شیمانەیی ئەم پەلامارە بڵاو نەبۆتەوە.
ئەم پەلامارە بە بیانوویی ئەوەی دەوڵەتی سووریا دەستی بووە لە پەلاماری شیمیایی بۆ سەر ناوچەی خان شێخوون لە باشووری پارێزگەی ئەدلیب لە کاتێکدایە کە "مەنزەر مەنزەر" جێگری نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ لە وەڵام دانەوەی تۆمەتە بێ بنەماکانی نوێنەرانی ئەمریکا، فەرانسا و بەریتانیا کە دیمەشقیان بە بەرپرسی ڕووداوەکەی خان شێخوون ناساند، ڕایگەیاند کە دەوڵەتی سووریا زیاتر لە ٩٠ نامەی بەرێ کردووە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و لەو نامانەدا زانیاریی جێبڕوای سەبارەت بە کەڵک وەرگرتنی تیرۆریستان لە چەک و مادەی شیمیایی دژ بە خەڵکی زوڵملێکراوای سووریا ئاراستە کراوە.
ناوبراو پێی داگرت ئەم مادانە لە ڕێگای تورکیاوە بەڕێ کراوە بۆ تیرۆریستان.
لە پەلاماری شیمیایی ڕۆژی سێشەممە بۆ سەر ناوچەی "خان شێخوون" لە باشوور ئەدلیبی سووریا، پتر لە سەد کەس کوژران و نزیکەی ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون.
کارناسان تۆمەتبار کرانی دەوڵەتی سووریا بە دەکارهێنانی چەکی شیمیایی بە هەولێک بۆ بەلاڕێدا بردنی بیر و ڕای گشتی و بە پێچەوانە نیشانی دانی ڕاستییەکان هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانی ئەمدواییەی سوپای سووریا لەهەمبەر تیرۆریستان دەزانن.