پەلاماری ئەمریکا بەئاراستەی خزمەت کردن بە تیرۆریستان/ خۆشحاڵی ئیسراییل و عەرەبستان
پارێزگاری "حومس"ی سووریا پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆسەر بنکەی سەربازیی سووریا لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتەی بەئاراستەی خزمەت کردن بە تیرۆریستان زانی .
تەلال بەرازی پارێزگاری حومس سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی لە وتووێژ لەگەڵ تەلەڤزیۆنی دەوڵەتیی سووریا، بە ئاماژە بە دان پێدانانی ئەمریکا بەوەی کە لە سەر دوو پاپۆڕی جەنگیی "یو ئس ئس ڕاس" و "یو ئس ئس پۆرتێر" ٥٩ مووشەکی بەرەو بنکەی ئاسمانیی شەعیرات لە حومس تەقاندووە ، وتی: ئەم پەلامارانە بە مەبەستی تیا بردنی فڕۆکە جەنگییەکان و هەروەها سیستەمی بەرەڤانیی ئاسمانیی سووریا ئەنجام دراوە.
بەرازی بە ئاماژە بە هەوڵی ئەمریکا بۆ لاواز کردنی سوپای سورویا لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم پێی داگرت: هەڵوێستەکانی دیمەشق لە هەمبەر کردەوە نایاساییەکانی ئەمریکا ناگۆڕدرێ.
پارێزگاری حومس بە ئاماژە بە بەردەوام بوونی هەڵمەتی فریاگوزاری و ئاگرکوژاندنەوە لە بنکەی ئاسمانیی شەعیرات ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەم بنکە ئاسمانییە دەورێکی بەرچاو و بەربڵاوی لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم و ڕزگار کردنی تەدمەر هەبووە و لە بنکە گرنگەکانی سوپای سووریا لە شەڕی دژ بە داعش دێتە ئەژمار.
بەرازی هەروەها بە ئاماژە بە کوژرانی ژمارێک لە سوورییەکان بە هۆی پەلامارەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی حومس وتی؛ جگە لەو زەبر و زیانەی کە لەم بنکە سەربازییە کەوتووە، ژمارێک لە هێزەکانی سووریا بە هۆی سووتان بریندار بوون و هەوڵ بۆ ڕزگار کردنی گیانیان بەردەوامە.
هاوکات ژێدەرە عەرەبییەکان بە گێڕانەوە لە بەرهەڵستکارانی سووری بانگەشەیان کرد کە پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی سەربازیی شەعیرات جگە لە کوژران و بریندار بوونی ژمارێک لە سوورییەکان، بۆتە هۆی ڕووخانی تاوەری چاوەدێری و هەروەها تیاچونی ١٤ فڕۆکەی جەنگی سیخۆی ڕووسی کە لە دەستی سوپای سووریادا بوون.
هەروەها لە کاتێکدا کە تەنیا چەن کاژێر تێدەپەڕی بە سەر پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی شەعیرات، نووسینگەی "بنیامین نەتانیاهوو"ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی کرد لە بڕیاری "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بەم پەلامارە.
عەرەبستانی سەعوودیش لە هاوپەیمانانی ناوچەیی دیکەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی داکۆکیی تۆکمە و تەواوی خۆی لە پەلاماریی مووشەکیی ئەمریکا بۆ سەر بنکە سەربازییەکان لە سووریا ڕاگەیاند.