سوریا تەوەری وتووێژی تەلەیفونی عەبادی و پێنس
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i285864-سوریا_تەوەری_وتووێژی_تەلەیفونی_عەبادی_و_پێنس
سەرۆک وەزیرانی ئێراق لە پەیوەندییەکی تەلەیفونی لەگەڵ یاریدەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا خوازیاری هێنانەدی گەڵاڵەیەکی گشتداگر بوو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەو بشێوی لەسوریاو یەکڕیز کردنی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 08, 2017 09:19 Asia/Tehran
  • سوریا تەوەری وتووێژی تەلەیفونی عەبادی و پێنس

سەرۆک وەزیرانی ئێراق لە پەیوەندییەکی تەلەیفونی لەگەڵ یاریدەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا خوازیاری هێنانەدی گەڵاڵەیەکی گشتداگر بوو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەو بشێوی لەسوریاو یەکڕیز کردنی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم.

بەپێی ڕاپۆری کەناڵی هەواڵیی سومریە نیوز، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق لە پەیوەندییەکی تەلەیفونی لەگەڵ مایک پێنس، یاریدەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەرچەشنە کەڵک وەرگرتن لە چەکی شیمیایی لە سوریای شەرمەزار کردو پێی داگرت لەسەر لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان لەو بارەوە.

عەبادی جەختی کرد لەسەر داکۆکی ئێراق لە گەلی سوریا کە هەروەک خەڵکی ئێراق بوونەتە قوربانی پەلامارە شیمیاییەکان.

نەیارانی چەکداری سوری، سەرلەبەیانی سێ شەممەی ڕابردوو ڕەوتێکی هەواڵیان سازداو ئیدیعایان کرد کە سوپای سوریا شاری خان شەیخونی بە مووشەکی ئاخێنراو بەگازی شیمیایی کردۆتە ئامانج کە بەهۆیەوە، لانیکەم  سەت کەس کوژران.

ئەو کایە نوێیە لەکاتێکدا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سوریا خرایە نێو بەرنامەی کارەوە کە حکومەتی سوریا ساڵی٢٠١٤ چەکئامێرە شیمیاییەکانی لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی دوو قۆڵیی ڕووسیاو ئەمریکا ڕادەستی ڕێکخراوی نەتەوەکان و ڕێکخراوی قەدەغەی پەرەپێدانی چەکە شیمیاییەکان کرد.

ئەمریکا سەرلەبەیانی رۆژی هەینی بەبیانووی پەلاماری شیمیایی جێی گومان سێ شەممەی ڕابردوو بۆسەر پارێزگای ئیدلەبی سوریا، پەنجاو نۆ مووشەکی لەسەر دوو پاپۆڕی جەنگی خۆی لە دەریای ناوەڕاست گرتە پێگەی ئاسمانی شەعیرات لە حۆمسی سوریا کە بەهۆیەوە، نۆ کەسی سیڤیلی سوری لەوان چوارمنداڵ کوژران و حەوت کەسیش بریندار بوون.