پەیامی پوتین بۆ ئەسەد و پێداگری لەسەر داکۆکی ڕووسیا لە سووریا
سەرۆک کۆماری ڕووسیا جەختی کرد لەسەر درێژەی داکۆکی لە حکومەتی یاسایی سوریا.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی سەداوسیما، ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا رۆژی سێ شەممە لەپەیامێکدا بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا، ڕایگەیاند: داکۆکییەکانی مۆسکۆ لە دەمشق بەردەوام دەبێ و ڕێگاچارەی ئاشتیانەی قەیرانی سوریا، وتووێژ و دیالۆگە نیشتمانییە گشتداگرەکانە بەئامانجی ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان و یەکگرتنی هەموو لایەنە سوریەکان لەشەڕی دژ بە تیرۆریستان.
لەپەیامی پوتین بۆ بەشار ئەسەد بەبۆنەی جێژنی سەربەخۆیی سوریادا هاتووە: ڕووسیا درێژە دەدات بە پشتگریی پاوەجێ و کارای خۆی لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا لەو پەیامەدا بەدڵنیاییەوە ڕایگەیاند: پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەو لەمێژینەی ڕووسیاو سوریا بەردەوام دەبێ، ئەو پەیوەندیانەی بەرژەوەندیی نەتەوەکانی دوو وڵات دێنێتەدی و هاوتەریب لەگەڵ هەوڵدانەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەو جیهانە.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا هەروەها بۆ گەلی سوریا ئاشتی و ئاسایش و ئاسودەیی بەئاوات خواست و بۆ بەشار ئەسەدیش ، باشترین سەرکەوتنەکان و سەلامەتی ئارەزو کرد.
١٧ی ئاڤریلی١٩٤٦ ساڵوەگەڕی سەربەخۆیی سوریا لەژێر باندۆرو دەسەڵاتی فەڕانسەو چوونەدەری دواسەربازی فەڕەنسی لەخاکی سوریایە.