هەواڵ و ڕاپۆری دژبەیەک لەبارەی دەردەست کرانی ئەبوبەکر بەغدادی
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i287372-هەواڵ_و_ڕاپۆری_دژبەیەک_لەبارەی_دەردەست_کرانی_ئەبوبەکر_بەغدادی
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سکرتێری گشتی ئیدارەی ئاسایش و هەواڵگریی ئوروپا رایگەیاند؛ زانیاری ورد لەدەست دایە کە پێشان ئەدات ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی گرووپی ڕەشەکوژی داعش لەباکوری سوریا قۆڵبەست کراوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 19, 2017 03:29 Asia/Tehran
  • هەواڵ و ڕاپۆری دژبەیەک لەبارەی دەردەست کرانی ئەبوبەکر بەغدادی

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سکرتێری گشتی ئیدارەی ئاسایش و هەواڵگریی ئوروپا رایگەیاند؛ زانیاری ورد لەدەست دایە کە پێشان ئەدات ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی گرووپی ڕەشەکوژی داعش لەباکوری سوریا قۆڵبەست کراوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی سپۆتنیک؛ لە بەیاننامەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سکرتێری گشتی ئیدارەی ئاسایش و هەواڵگریی ئوروپادا هاتووە: گیرانی بەغدادی لەدوای ئۆپراسیۆنی ناسکردنی زانیارییەکانی سوریاو ڕووسیاو پاش چوونەدەری بەزۆرەملێی سەرکردەی داعش لەشاری موسڵ لەباکوری ئێراق ئەنجامی گرتووە.

دوابەدوای ڕاوەدوونرانی بەغدادی لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبیی ئێراق، بەغدادی دووی ئاڤریلی٢٠١٧ لەسنوورەکانی ئێراق لەگەڵ سوریا تێپەڕی و گەیشتە ئەو وڵاتە.

بەرلەوە، لێدوانگەلێک لەبارەی ئەگەری هەڵاتنی سەرکردەی داعش بۆ باکوری سوریا پاش لەگوشارنانی سەربازی مۆڵگەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لەشاری موسڵی ئێراق، هاتبووە ئاراوە.

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هەواڵە بڵاوکراوەکان لەبڕێک میدیا لەبارەی گیرانی ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی گرووپی ڕەشەکوژی داعشی بەدرۆ خستووەتەوە.

لەهەمان کاتدا، میدیاکانی ڕوس لەوان گۆڤاری راسیسکایا گازێتا و کەناڵی لایف نیوز رۆژی سێ شەممە ڕایانگەیاند: ئەبوبەکر بەغدادی کاتی هەوڵدان بۆ دەرباز بوون لەسنوری ئێراق و سوریا گیراوە.

"حیتم ابوسعید" سەرۆکی ئیدارەی هەواڵگریی لیژنەی ئاسایش و هەواڵگریی ڕێکخراوی نەتەوەکانیش ڕایگەیاند: سەرکردەی داعش لەحاڵێکدا کە هەوڵی دەدا لە گەمارۆ خۆی ڕزگار بکات و خۆی بگەیێنێتە سوریا، قۆڵبەست کراوە.

بەم حاڵەشەوە، سەرچاوە فەرمییەکان لە ئێراق و سوریا هەواڵی گیرانی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی داعشیان تائێستا پشت ڕاست نەکردۆتەوە.