پەرەسەندندنی بارگرژی ئەمریکاو ڕووسیا لەسەر سووریاو ڕەخنەوگازندەی زۆر لە کردەوەی ڕۆژئاوا
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەرلەئێوارەی دوێنێ پێنج شەممە لەنیۆیۆرک و لە بنکەی ڕێکخراوی نەتەوەکان، بۆ تاووتوێی ڕەوشی مرۆیی لە وڵاتی شەڕلێدراوی سووریا بەڕێوە چوو .
لەو دانیشتنەدا، نیکی هیلی نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، خوازیاری لەگوشارخستنی زیاتری ڕووسیا بوو. ناوبراو پێی داگرت؛ پێویستە زەخت وگوشار بخرێتەسەر ڕووسیا، چونکە ئەو وڵاتە، تەنیا لایەنێکە کە ئەگەر بیەوێ دەتوانێ ئەو کێشەیە ڕابگرێ.
لەبەرامبەردا، پیتەر ئیلیچێف، یاریدەری نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوی نەتەوەکان، کردەوەی ڕۆژاوا لەهەمبەر سوریای بردەژێر پرسیار و پێی داگرت؛ ڕۆژاواییەکان هیچ هەوڵێکیان لەپێناو باشترکردنی بارودۆخ لەو وڵاتە شەڕلێدراوە ئەنجام نەداوە.
دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش جارێکی دیکە شایەتی بەرەوڕووبوونەوەی ئەمریکاو ڕووسیا لەسەر قەیرانی سوریا بوو. لەوئاراستەدا، حکومەتی ئەمریکا کە بەتایبەت پاش پەلاماری مووشەکی ئەم دواییەی سەر سوریا، هەڵوێستێکی بەئاشکرا هێرشبەرانەی لەدژ حکومەتی سوریاو هاوپەیمانەکانی بەتایبەت ڕووسیای گرتووەتە بەر، مۆسکۆی بە تەگەرەنانەوە لە بەردەم چارەسەریی قەیرانی سوریا تاوانبار کرد.
بەم حاڵەشەوە چاوخشاندنێک بەسەر کردەوەی ئەمریکا هاوڕێ لەگەڵ هاوپەیمانانی ڕۆژاوایی و عەرەبی ئەو وڵاتە لەمەڕ قەیرانی سوریا واپێشان ئەدات کە، ڕۆژاواییەکان دەوری سەرەکیان بینیوە لە شەڕخوازیی و درێژکردنەوەو پەرەی قەیرانی سوریا.
لە بارودۆخی ئێستای حکومەتی دۆناڵد ترەمپیشدا کە سەرەتا ئیدیعای دەکرد، پەرەی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی ڕەشەکوژی داعش ئامانجی سەرەکی دەبێ لە سوریادا، بەکردەوە هەمان شێوازی حکومەتی پێشووی ئەمریکا واتە، تاوپێدانی هەوڵ و کردەکان بۆ ڕووخاندنی حکومەتی یاسایی سوریای گرتووەتەبەر.
لەهەمان کاتدا، ڕۆژاواییەکان بەتایبەت ئەمریکییەکان بەئاگاداربوون لە دەوری کارای ڕووسیا لە پێش گرتن بەهاتنەدی ئامانجەکانیان لە سوریا، بە پەرەپێدانی شەڕی دەرونی ومیدیایی و هەروەها تاوپێدانی زەخت وگوشاری سیاسی و دیپلۆماتیک لەدژ ڕووسیا، لەهەوڵی گۆڕینی هەڵوێستی مۆسکۆ لەمەڕ قەیرانی سوریاو کەمکردنی داکۆکی ئەو وڵاتە لە حکومەتی دەمشق و یان کەمڕەنگ کردنی ئامادەبوونی سەربازی ڕووسیا لە سوریان.
لەو ئاراستەدا ، نیکی هیلی لەدانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش بەئاشکرا داوای لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە کرد، بێ لەبەرچاو گرتنی دەسەڵاتی ڤیتۆی ڕووسیا ، زەخت بخاتەسەر ئەو وڵاتە. بەڵام سەرباری چەواشەکاری واشنگتۆن دژ بە مۆسکۆ، واپێ دەچێ کە ڕووسیاو هاوپەیمانەکانی بەتەواوەتی ئاگاداری گەڵاڵەو ڕێوشوێنی ڕۆژاواییەکانن بۆ ناچارکردنی مۆسکۆ بە گۆڕینی سیاسەتەکەی لەهەمبەر سوریا.
لەوبارەوە، شایەتی ئەوە بووین کە والێری سمریکۆف جێگری سکرتێری گشتیی پەیمانی ئاسایشی گشتی، لە لێدوانێکی ڕەخنەگرانە باسی هەڵ و کۆششەکانی ڕۆژاوای کرد لەپێناو بێ بایخ کردنی سوریاو ڕووسیا لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا. ناوبراو ڕایگەیاند کە پەلامارە شیمیاییەکان بۆسەر ئێراق و سوریا کە پیلانگێڕیی تیرۆریستانە، لەلایەن ڕۆژاواوە وەک ئامرازێک سودی لێ وەردەگیردرێ بۆ بێ بایخ کردنی حکومەتی دەمشق و بێ بایخ و کەم پێشاندانی دەوری ڕووسیاو هاوپەیمانەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لەناوچەدا.
ناوبراو لەهەمان کاتدا، دڵگرانی دەربڕی لە کرانی شەڕی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە شەڕێکی گشتداگر بەکەڵک وەرگرتن لە چەکە کۆکوژەکان. لێدوانی ئەو بەرپرسەی باڵای ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی گشتی لەڕاستیدا پێشاندەری دڵگرانی جیددی مۆسکۆ لە شوێنەهاتە کارەساتبارەکانی درێژەی ڕەوتی ئێستای ڕۆژاوا لەهەمبەر سوریایە.
لەڕاستیدا ڕۆژاوا و هاوپەیمانانی عەرەبی، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە سوریا، هەموو جۆرە کردەیەکیان ئەنجامداوە بۆ وێنە، چەکی جۆراوجۆری شیمیاییان خستووەتە بەردەست گرووپە ڕەشەکوژەکان بۆ کەڵک وەرگرتن لەوان، لەدژ هێزەکانی سوریاو هاوپەیمانانیان.
لەهەمان کاتدا، ڕۆژاواییەکان بەوپەڕی ڕووهەڵماڵیەوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سوپای سوریا لەو چەکئامێرە نامرۆییانە کەڵکی وەرگرتووەو خوازیاری زەخت و گوشار و سەپاندنی بایکۆتی نوێ بەسەر حکومەتی سوریاو هاوپەیمانەکەی بەتایبەت ڕووسیا بەم بیانووەن.