تشرینی دووه‌م 12, 2017 12:42 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی ئەردەن، ئەمریکا و ڕووسیا بۆ دیاری کردنی ناوچەی کەم کێشە لە باشووری سووریا

مۆسکۆ، واشینگتۆن و ئەمان لە سەر دیاری کردنی ناوچەی کاتیی کەم کێشە لە باشووری سووریا ڕێککەوتن.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەردەن؛ نوێنەرانی ڕووسیا، ئەمریکا و ئەردەن ڕۆژی شەممە تەبایی نامەیەکیان سەبارەت بە یاسا و ڕێساکانی پێوەندیدار بە ناوچەی کەم کێشە لە باشووری سووریا لە ئەردەن واژۆ  ومۆر کرد.

"محەممەد موئمنی" وتەبێژی دەوڵەتی ئەردەن وتی ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گرینگە لە پێناو هەوڵی سێ لایەنەی هاوبەش بۆ کۆتایی هێنان بە توند و تیژی لە سووریا و ڕەخساندنی بواری شیاو بۆ گەیشتن بە ڕێگاچارەیەکی سیاسیی بەردەوام لە سووریا.

دانوستانەکانی سووریا، ئەمریکا و ئەردەن بە داخوازی ئەمان مانگی مەیی ڕابردوو دەست پێبوو و ئەم دانوستانانە بۆتە هۆی ڕێککەوتن لەسەر داکۆکی لە ئاگربڕ و دیاری کردنی ناوچەی کەم کێشە لە باشووری سووریا.

یەکەم هەنگاو بۆ دیاری کردنی ناوچەی کەم کێشە لە سووریا لە پرۆسەی دانوستانی ئاستانە هەڵگیردرا. خولی چوارەمی دانوستانی نێوان لایەنە سوورییەکان لە شاری ئاستانەی پێتەختی کازاخستان (مانگی مەیی ٢٠١٧) بووە هۆی دیاری کرانی چوار ناوچەی کەم کێشە لە سووریا.

دانوستانی ئاستانە بە دەسپێشخەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیا و تورکیا و بە دەر لە ویست و ورەی سیاسیی ئەمریکا بەڕێوەچووە.

سەرپەیڤ