سەرۆک کۆماری پێشووی یەمەن، بەڵگەی هاودەستیی عەرەبستان و ڕژێمی زایونیی بڵاو کردەوە
عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی یەمەن، بەڵگەیەکی لە بارەی هەنگاوەکانی عەرەبستان و ئەمریکا لە مەڕ پشتیوانی کردن لە ڕژێمی ئیسرائیل لە شەڕی دژی میسرو سووریا و هەروەها پشتیوانیی ئەمریکا لە دابەشکرانی عێراق بڵاو کردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی کەناڵی مەیادین، بنکەی پارتی کۆنگرەی جەماوەریی یەمەن، بەڵگەگەلێکی سەبارەت بە نامەکەی فەیسەڵ بن عەبدولعەزیز کۆنەپاشای عەرەبستان بۆ لیندۆن جانسۆنی سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەمریکا لەمەڕ پشتیوانی کردن لە هێرشەکەی ساڵی 1967 ی ئیسرائیل بۆ سەر میسرو سووریا بڵاو کردەوە.
مەلیک فەیسەڵ لەو نامەیەدا پێی داگرتوە کە میسر لە یەمەن ناکشێتەوە مەگەر ئەوەی کە ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززەو سارای سیناو کەرتی ڕۆژئاوا هەنگاو هەڵگرێت و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە جەمال عەبدولناسر سەرۆک کۆماری ئەوکاتی میسر ناچار بێ بکشێتەوە. مەلیک فەیسەڵ لەم نامەیەدا ئاماژەی کردووەتە ڕۆڵی مەترسی داری میسر لە یەمەن و ناوچەکە دژی عەرەبستان و ئەمریکاو هێندێک پێشنیاری بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم وڵاتەو دەستەبەر کرانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمریکاو عەرەبستان ئاراستە کردووە. یەکێک لەو پێشنیارانە ئەوە بووە کە ئەمریکا دەبێ لە هێرشی سەر میسر پشتی ئیسرائیل بگرێت هەتا سوپای میسر ناچار بێت لە یەمەن بکشێتەوە.
لەم بەڵگەیەدا میسر وەکوو دوژمنی گەورەی عەرەبستان و ئەمریکا ناسێندراوە. مەلیک فەیسەڵ لەو نامەیەی دا پێی لە سەر ئەوە داگرتووە کە سووریا نابێ لەو شاڵاوەی ئیسرائیل دا بە سەلامەت دەرچێ و کۆنترۆڵی کەرتی ڕۆژئاواش کە بە دەستی ئەردەنەوە بوو لە ژێر ڕکێفی ئەو وڵاتە بێتە دەرو هەرچەشنە هیوایەکی فەلەستینییەکان بۆ گەڕانەوە بەرەو وڵاتەکەیان لەنێو بچێت.
مەلیک فەیسەڵ بن عەبدولعەزیز کۆنەپاشای عەرەبستان هەروەها لەو بەڵگەیەدا لە سەر پێویستیی بەهێزکرانی جێ و شوێنی مەلا موستەفای بارزانی ڕێبەری ئەوکاتی کوردەکانی عێراق و بارەبووی دراڤی و چەکەمەنی لە ناوبراوو دابەشکرانی عێراق پێی داگرتووە.