کانونی یه‌که‌م 15, 2017 11:14 Asia/Tehran
  • بەرپرسی یەمەنی: لە ئێران مووشەک وەرناگرین/ ئەمریکا لە یەمەن تووشی شکست بووە

سەرۆکی لێژنەی باڵای راپەڕینی یەمەن سەر لە بەیانی هەینی بە ڕەت کردنەوەی تۆمەتەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ئێرانی بوونی ئەو مووشەکانەی بەرەو عەرەبستان تەقێندراون، جەختی کرد؛ ئامانجی واشینگتۆن لەو شانۆ نوێیەی وەڕێی خستووە، پاسادانەوەی فرۆشتنی هەموو چەشنە چەکی قەدەغەی خۆی بە عەرەبستان بۆ قەڵاچۆ کردنی خەڵکی یەمەنە.

 بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "معەممەد عەلی حوسی" لە تویتەردا نووسی: ئەگەر بە پێی بانگەشەی ئەمریکاییەکان، مووشەکی ئێمە لە لایەن ئێرانەوە دابین دەکرا، ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سەعوودی ، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیشمان لە تاران وەردەگرت.

ئەلحوسی بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئەمریکاییەکان قۆڵیان هەڵماڵیوە بۆ قەڵاچۆ کردنی گەلی یەمەن، رایشیگەیاند کە واشینگتۆن لە هەموو گۆرەپانی سیاسی و سەربازییدا لە شەڕی یەمەن هەرەسی هێناوە.

نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی هەینی بە ئامادەبوون لە بەردەم هەندێ لەتکە ئاسن کە بانگەشەی دەکرد لاشەی مووشەکی ئێرانییە، شانۆیەکی پڕوپاگەندەیی نوێی دژ بە ئێران وەڕێ خست. "نیکی هەیلی" بانگەشەی بەڕێ کرانی چەک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن کرد و لە قسە و لێدوانێکی گاڵتەجاڕدا ئێرانی تۆمەتبار کرد بە بنپێ کردنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان.

ئەوە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی یەمەنی بەردەوام رادەگەیەنن دەسەڵاتی بەرەڤانیی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن تەواو خۆجێی و ناوخۆییە و وێڕای ئەوەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعوودییەوە گەمارۆیەکی هەمەلایەنە دراوە بەڵام توانای بەرەڤانیی یەمەنییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەریکە زیاتر پەرە دەستێنێ.

 ڕژێمی سەعوودی بە داکۆکیی ئەمریکا و لە سای بێدەنگە کردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن بە بیانووی گەڕاندنەوەی "عەبدوڕەبە مەنسوور هادی" سەرۆک کۆماری وازلە کارهێناوی ئەم وڵاتە بۆ سەر دەسەڵات، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە .

سەرپەیڤ