کاردانەوەی حەماس بە داکۆکیی کەم وێنەی ئەمریکا لە شارۆچکەسازیی رژێمی زایۆنیستی
بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند؛ کردەی کەم وێنەی ئەمریکا لەمەڕ داکۆکی لە شارۆچکەسازیی زایۆنیستی لەڕێی خستنەڕووی راژەکاریی کونسوڵی بە زایۆنییەکان لە یەکێ لەو شارۆچکانە، هەوڵێکی مەترسیدار و بەفەرمیی ناسینی پراکتیکیی شارۆچکەسازییە.
بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامیی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ کردەی ئەمریکا بەمەبەستی خستنەڕووی راژەکاریی کونسوڵی لەناوخۆی شارۆچکەی "ئەفرات" لە "گوش عەتسیون" کە لە لێواری رۆژاوا ڕۆنراوە، بە کردەیەکی مەترسیدار و هاوتەریبی ئاشکرا لەگەڵ گەڵاڵەکانی بەجووکردنی داگیرکەران و بەمانای بەرەسمییەت ناسینی پراکتیکی شارۆچکەسازی و هەژمۆنی و دەسەڵاتی رژێمی زایۆنیستی بەسەر لێواری رۆژاوا بەئەژمار دێ. لە بەیاننامەی حەماسدا هاتووە؛ بریاری تازەی ئەمریکا، دژبەیەکبوونی ئاشکرا لە هەڵوێستەکانی واشنگتۆن پێشان ئەدا، وڵاتێک کە ئیدیعا دەکا نەیاری پەیوەست کرانی کەناری رۆژاوایە، بەڵام هاوکات ئەو کردانەی ئەنجامیان دەدا، بەهێزکرانی بیرۆکەی پەیوەست کران و چەسپاندنی سەروەریی رژێمی زایۆنی بەسەر سەرزەوینە داگیرکراوەکانی لێ دەکەوێتەوە.
حەماس پێی داگرت؛ ئەو کارە وەک هەوڵدان بۆ سەپاندنی راستیی سیاسیی تازە بەئامانجی لاوازکردن و سڕینەوەی مافی نیشتمانیی فەلەستینیەکان دێتەئەژمار. ئەو بزووتنەوە هەروەها وێڕای وشداریدان لەبارەی شوێنهاتەکانی ئەو کارە، ڕایگەیاند؛ بەتایبەت لەسای لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی کە داگیرکەران بۆ پەرەپێدان بە کۆنترۆڵکردنیان هان دەدا، پێویستە کۆمەڵگای جیهانی هەڵوێستێکی لێبراوانە بگرێتەبەر بەمەبەستی راگرتنی ئەو پرۆسەو پێشگرتن بە تەشەنای دەسدرێژیی بۆسەر گەل و سەرزەوینی فەلستین.
حەماس لە بەیاننامەیەکی دیکەدا بەبۆنەی سی و دووەمین ساڵوەگەڕی کوشتاری مزگەوتی ئیبراهیمی ڕایگەیاند؛ بەتێپەڕینی کات تاوانکاریی داگیرکەران فەرامۆش نابێ و ئەو کردانە ناتوانێ راستییە مێژووییەکان و ئیرادەی گەلی فەلەستین بگۆڕێ. ئەو بزووتنەوە خوازیاری چالاک کرانی پرۆسەی دادگەیی سەرۆکانی رژێمی داگیرکەر بوو لەبەر تاوانکارییەکانیان دژی گەل، سەرزەوین و پیرۆزییەکانی فەلەستین.