خاچی سوور: باروودۆخی مرۆیی لە یەمەن کارەساتبارە
"ڕالف ئەلحاج" Ralph El Hage، وتەبێژی ناوچەیی لێژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ڕۆژی چوارشەممە جەختی کرد؛ باروودۆخی مرۆیی لە یەمەن تەواو کارەساتبار بووە.
٢٥٠ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەر بە کۆڕە سیاسی، کەلتووری و زانکۆییەکانی ناوچە جۆر بەجۆرەکانی جیهانیش ئەمدواییە لە نامەیەکدا بۆ "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، "ئیمانۆێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆماری فەرەنسا و "ترێزا مەی" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ( سێ وڵاتی سەرەکیی دابینکەری چەک و چۆڵی عەرەبستانی سەعوودی لە شەڕی یەمەندا) پێداگرییان کرد؛ یەمەن ئەوە هەزار ڕۆژە کە کەوتۆتە بەر شاڵاوی شەڕێکی قورس کە ئەم وڵاتەی لە سنووری "نالەبارترین کارەساتی مرۆیی ئێستای جیهان" نزیک کردۆتەوە.
لەم نامەیەدا بە ناوی " هەزار ڕۆژ شەڕ؛ یەمەن ئیتر ناتوانێ چاوەڕێ بێ. یەمەن لەوە زیاتر بەرگە ناگرێ" کە لە ڕۆژنامەی "لۆمۆند"ی فەرانسا لە چاپ دراوە داوا لە سەرانی ئەم سێ وڵاتە کراوە کە کۆتایی بێنن بە داکۆکیی لۆجستیکی و چەکەمەنییانە لە عەرەبستان.
هەروەها بەرنامەی جیهانیی خۆراک هاوڕێ لەگەڵ ڕێکخراوی جیهانیی تەندرووستی و سنووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)ـیش ئەمدواییە لە بەیاننامەیەکی هاوبەش داوایان لە هاوپەیمانی دەسدرێژکار بە سەرکردایەتیی عەرەبستان کرد کۆتایی بێنێ بە گەمارۆدانی یەمەن.
ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی لە ڕۆژانی ئەمدواییەدا وشداری داوە بەرامبەر بە هەستانەوەی شەپۆلی نوێی پەرەسەندنی نەخۆشی کولێرا و هەروەها دیفتری لە یەمەندا.
ڕژێمی سەعوودی بە داکۆکیی ئەمریکا و لە سای بێدەنگە کردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە 13 هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنیی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.
دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.