کانونی دوھەم 16, 2018 09:53 Asia/Tehran
  • نەتانیاهوو: من سەبارەت بە مەسەلەی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ ترەمپ هاوبیر و ڕام

سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی ڕۆژی دووشەممە وتی: هەڵوێستی من سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، هەر وەک هەڵوێستەکەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ "بنیامین نەتانیاهوو" لە کۆڕی هەواڵنێراندا کە لە سەفەری بۆ هیندستان هاوڕێیەتی دەکەن بانگەشەی کرد ترەمپ هەوڵ دەدات بە بەدیهێنانی گۆڕانکاریی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەنجامی پێنج کۆ یەک ، پێش بگرێ بە دەسراگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.

سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی وتیشی: ئیسراییل لەم بوارەدا هاوڕێ و یاوەری ئەمریکا دەبێ.

ئەم قسە گاڵتەجاڕانەی نەتانیاهوو لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی نەتەوەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی تا ئێستا گەلێک جار جەختیان کردووە لە سەر ئاشتیانە بوونی چالاکیی ئەتۆمیی ئێران.

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ ( بەریتانیا،، فەرانسا، ڕووسیا، چین، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە گەیشتۆتە قۆناغی جێ بەجێ کرانەوە، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە تەگەرە دەنێتەوە.

"دۆناڵد ترەمپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی بە پەیمانێکی نالەبار ناو بردووە و خوازیاری هەڵوەشانەوەیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

ستراتژیی دوژمنکارانەی ترەمپ  و پشتیوانیی ڕژێمی زایۆنی لە دوژمنایەتیی دەوڵەتی ئەمریکا دژ بە ئێران لە کاتێکدایە کە بە دان پێدانانی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش ، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام هەموو بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەجێ هێناوە.

 

سەرپەیڤ