بوردومانی بنکەو مەتەرێزی بەکرێگیراوانی سەعودی لە سەنعا لە لایەن ھێزەکانی یەمەنەوە
تۆپخانەی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بنکەو مەتەرێزی بەکرێگیراوانی سەعودیی لە ناوچەی نەھەم لە پارێزگای سەنعا دایە بەر پەلامار.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی ھەواڵدەریی سەبا، لە بوردومانی بنکەومەتەرێزی بەکرێگیراوانی سەعودی لە ناوچەی نەھەم لە پارێزگای سەنعا، کۆمەڵێک لە بەکرێگیراوانی سەعودی تیاچوون و یان بریندار بوون.
لە شاری سەرسنووریی نەجرانیش تۆپخانەی سوپای یەمەن بنکەومەتەرێزی بەکرێگیراوانی سەعودیی بوردومان کرد.
ھێزەکانی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە مۆڵگەو بنکەو بارەگای لەشکریانی سەعودییان لە ناوەندی بینۆگەی (الھنجرن) و بنکەی ( الشبکە) لە نزیک بوارگەی (علب) لە عەسیری باشووری عەرەبستان دایەبەر ھێرشی تۆپخانە.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان.
ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە .
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.
لەم بوارەدا خەباتکارانی یەمەنیش لە تۆڵەی شاڵاوی داگیرکەرانی سەعودی و ھاوپەیمانەکانیان بنکەو بارەگاکانی ڕژێمی ئالی سەعود و بەکرێگیراوانی لە یەمەن و نێوخۆی خاکی عەرەبستان دەدەنە بەر ھێرش و پەلامار.