مانەوەی زۆرەملێی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەی یەمەن لە ڕیاز
سەلاح سەییادی وەزیری ڕاوێژکار لە حکومەتی لەکارکشاوەی یەمەن وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەمەڕ دۆخی عەبد ڕەببە مەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند؛ مەنسور هادی ئێستا لەژێر چاودێریی زۆرەملێ لەڕیاز دایە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئەلشەرق ئەمڕۆ دووشەممە بەڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە وتی: ئەوە یەکەم دانپێدانانی بەرپرسێکی حکومەتی لەکارکشاوەی یەمەن لەبارەی مانەوەی زۆرەملێی مەنسوور هادی لە ڕیازە، ئەوە لەکاتێکدایە کە چالاکوانانی یەمەنی پێشتر بەشێوەی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو بابەتەیان لێکدابۆوە.
سەییادی وتوویەتی: ئەگەر مەنسور هادی لەمانەوەی زۆرەملێ ڕزگار نەکرێ، یەمەنییەکان دەبێ چاوەڕوانی خرابترین دۆخ بن کە ئالی سەعوود بۆ ئەوان بەدی دێنێ.
وەزیری ڕاوێژکار لە حکومەتی لەکارکشاوەی یەمەن دۆخی مەنسور هادی لە ڕیازی لەگەڵ سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان کە لە نۆڤمبەری ڕابردوو لەعەرەبستان ناچار بە لەکارکشانەوە بوو، شوبهاند و وتی: عەرەبستان پێشی گرتووە بە گەڕانەوەی مەنسور هادی بۆ یەمەن و لەم دواییەدا ناوبراو کە بەرەو یەمەن بەڕێوە بوو، لە فڕۆکەخانەی مەلیک خالید لە ڕیاز گەڕاندۆتەوە.
عەرەبستان بەداکۆکیی ئەمریکاو چەند وڵاتی عەرەب لەمارسی٢٠١٥ بەبیانووی گەڕاندنەوەی عەبدڕەببە مەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەی یەمەن بۆسەر دەسەڵات، هێرشی کردەسەر ئەو وڵاتەو سەرباری پەلامارە ئاسمانییەکان وگەمارۆی هەمەلایەنەی یەمەن، هیچکام لەئامانجەکانی مسۆگەر نەکردووە.