نیسان 07, 2018 01:34 Asia/Tehran
  • کوژرانی نزیکەی سەد سەربازی دەست درێژکاری سودانی لە یەمەن

لە ئۆپراسیۆنی ھێزەکانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵاو سوپای یەمەن بۆ سەر بنکەومەتەرێزی لەشکریانی سودانیی ئەندامی ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی لە سارای ( میدی)ی پارێزگای حججە نزیکەی سەد کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ھەواڵدەریی فارس بە گێڕانەوە لە شانەی ڕاگەیاندنی شەڕ، ھێزەکانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵاو سوپای یەمەن ڕۆژی پێنج شەممە لەشکرییانی سودانیی ئەندامی ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودییان لە دوو دەڤەری ئەلمەزراع و ئەلمەخازن لە سارای میدی ھەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای حججە دایە بەر پەلامار.

پێشتر لەشکریانی سودانی بە پشتیوانیی ئاسمانیی ڕژێمی سەعودی شاڵاوی بەربڵاویان بە مەبەستی داگیر کردنی سارای میدی دەست پێکرد بوو.

سەرچاوە ھەواڵدەرییەکانی یەمەن بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی سەربازی وایان بڵاو کردووەتەوە کە ھێزەکانی ئەنساروڵڵاو سوپای یەمەن دوای گەمارۆدانی ھێرشکاران بنکەو بارەگاکانیان داونەتە بەر پەلامارو پتر لە سەد ترۆمبیلی سەربازی لەوانە تانک و ترۆمبیلێکی زرێداریان تێک شکاندوون و ھەر لەو ھەڵمەتەدا زیاتر لە ٩٤ چەکداریشیان لێ کوشتوون و دەیان کەسیشیان لێ بریندار کردوون.

 

ڕژێمی سەعودی بەنیازە بە داگیرکردنی تۆکمەوتەواوی سارای میدی ھەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای حججە پەیوەندیی ھێزەکانی یەمەن لەگەڵ گوێئاوەکاندا ببڕێت.

سوپای سودان لە ٢٥ی مارسی ساڵی ٢٠١٥ەوە لە سەر داوای عەرەبستانی سەعودی بەشداریی شەڕی دژی جەماوەری یەمەنی کردووە.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەوبە پاڵپشتیی ئەمریکا لە مارسی 2015 ەوە هێرشێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کرد و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە و ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە. بەڵام دوابەدوای شکست هێنانە پەیتاپەیتاکانی لە یەمەن، ئێستاش ھەر لە ڕێگای جۆربەجۆرو بە ھۆی ھاوپەیمان و بەکرێگیراوەکانیەوە جەماوەری بێ دەرەتانی ئەم وڵاتە دەداتە بەر هێرش و پەلامار.

شەڕهەڵایساندنی عەرەبستان لە یەمەن کوژرانی پتر لە دوانزەهەزار یەمەنی و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و هەڵوەدا بوونی ژمارەیەکی زۆری یەمەنییەکانی لێ کەوتووەتەوە  ئەمەو لە لایەکی دیکەوە داخرانی بوارگەکانی یەمەن ئەم و ڵاتەی لەگەڵ قەیرانی مرۆڤی دا بەرەوڕوو کردووەتە، بە جۆرێک کە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان باسی ئەوەیان کردووە کە لە هەر دە خولەکێک دا منداڵێکی یەمەنی لە بەر باری خراپی خواردن و نەخۆشیی گیانی خۆی لە دەست دەدات.

وڵاتی دەستکورتی یەمەن ئێستاکە لەگەڵ کەم بوونی توندی خۆراک ، داوودەرمان و تەشەنە سەندنی نەخۆشیگەلی پەتای وەک کۆلێراو ملەخڕەدا بەرەوڕووە.

 

سەرپەیڤ