نیسان 07, 2018 08:33 Asia/Tehran
  • تێگیرانی مووشەک لە یەمەنەوە بۆ باشووری عەرەبستان

یەکەی مووشەکیی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن دوێشەو(هەینی) ڕایانگەیاند، مووشەکێکی نێوان بڕی بالستیکیان گرتووەتە پێگەکانی سەربازانی سەعوودی لە نەجران هەڵکەوتوو لەباشووری عەرەبستان.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، یەکەی مووشەکیی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، بە مووشەکێکی نێوانبڕ ، پێگەکانی سوپای سەعوودیایان لەناوچەی ئەلواجب لەنەجران کردۆتە ئامانج.

یەکەی مووشەکیی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن شەوی چوارشەممەش هەمارەکانی بەشگەی نیشتمانی نەوتی عەرەبستان"ئارامکۆ" لەشاری جیزان هەڵکەوتوو لە باشووری رۆژاوای ئەو وڵاتەیان بەمووشەکێک پێکابوو.

یەکەی تۆپخانەو مووشەکیی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن شەممەی ڕابردووش پێگەکانی سەربازانی عەرەبستانی لە نەجرانیان تۆپباران ومووشەکباران کرد.

پێشتر، شەرەف لوقمان وتەبێژی سوپای یەمەن جەختی کردبوو، پێگەکان و هەروەها دامەزراوە ئابوورییەکانی دەسدرێژکاران هەتا کاتێک کە گەمارۆ و دەسدرێژکارییان بۆسەر یەمەن درێژەی بێت، مەترسیی مووشەک تێگرتنی یەمەنیان لەسەر دەبێ.

هێزی بەرگریی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرباری گەمارۆی هەمەلایەنەی ئەو وڵاتە لەلایەن رژیمی سەعوودیاوە تادێ زیاتر گەشە دەکا.

عەرەبستان بەپاڵپشتیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لەمارسی٢٠١٥ـەوە دەستی کردووە بە دەسدرێژکاریی سەربازی بۆسەر یەمەن و گەمارۆی زەوینی، دەریایی وئاسمانیی ئەو وڵاتە.

شەڕخوازیی عەرەبستان وهاوپەیمانانی لە یەمەن تائێستا کوژرانی زیاتر لە چواردە هەزار یەمەنی، برینداربوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە.

سەرپەیڤ