نیسان 13, 2018 11:06 Asia/Tehran
  • ھەڵمەتی موشەکیانەی یەمەن بۆ سەر شارۆچکەی پیشەسازیی جیزانی عەرەبستان

یەکەی موشەکیی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن شەوی ھەینی شارۆچکەی پیشەسازیی جیزان لە باشووری عەرەبستانیان دایە بەر پەلامار.

بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس یەکەی موشەکیی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕایگەیاند: بە موشەکێکی نێوانبڕ لە چەشنی بەدری یەک شارۆچکەی پیشەسازیی جیزانی داوەتە بەر پەلامار.

یەکەی موشەکیی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی چوار شەممەش وەزارەتی بەرەڤانیی عەرەبستان لە شاری ڕیازیان دایووە بەر موشەکی درێژبڕی ( بۆرکان ئێچ ٢) .

پێشتر شەرەف لوقمان وتەبێژی سوپای یەمەن پێی داگرتبوو کە بنکەومەتەرێزو ھەروەھا دامەزراوە ئابوورییەکانی دەست درێژکاران ھەتا ئەو کاتەی کە گەمارۆو سنووربەزاندنەکانیان دژی یەمەن بەردەوام بێت، دەکەوێتە بەر ھەڵمەتی موشەکیانەی یەمەن.

ھێزی بەرگریکارانەی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرباری گەمارۆی ھەمەلایەنەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعودی ڕۆژلەدوای ڕۆژ خەریکە پەرە دەستێنێ.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و  هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.

ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی ھەتاکوو ئێستا لە بەر خۆڕاگریی جەماوەری یەمەن نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی خۆیان لەم ڵاتە بگەن کە ھەمان ھێنانە سەرکاری دەستنیاکانی خۆیانە.

سەرپەیڤ