کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە ئاسمانی یەمەن
کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئەلمەیادین رایگەیاند؛ سیستەمی بەرگریی مووشەکیی یەمەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکایی لە چەشنی «MQ9»ی لە پارێزگای حەدیدە لە ڕۆژاوای ئەم وڵاتە خستۆتە خوارەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ ئەلمەیادین کە ئەو هەواڵەی بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی سەربازیی یەمەنی ڕاگەیاند، وردیاتی زیاتری لەم بارەوە ئاراستە نەکرد.
هەروەها یەکەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن، سیستەمی مووشەکیی "پاتریۆت"ی ئیمارات و کۆ بوونەوەی هێزەکانی "عەبدوڕەبە مەنسوور هادی" سەرۆک کۆماری واز لە کارهێناو و هێزەکانی بەکرێگیراوی سەعوودیان لە شاری قەراخ ئاویی «المخا» لە باشووری تەعز دایە بەر پەلامار.
هەروەها یەکە مووشەکییەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ئێوارەی چوارشەممە مووشەکێکی بالستیکی مۆدیلی "بەدری ١"یان بەرەو فڕۆکەخانەی "جەیزان" و هێزگەی کارەبای "نەجران" لە باشووری عەرەبستان تەقاند.
عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە چواردە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.