کوژرانی نیزیکەی دوو هەزار یەمەنی لەبەر کەمبوونی ئاو و نەخۆشی کۆلێرا لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو دا
سەرۆکی نوسینگەی نوێنەرایەتی لیژنەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە یەمەن ڕایگەیاند : نیزیکەی دوو هەزار یەمەنی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو گیانی خۆیان لەبەر نەخۆشی کۆلێرا و سک چوون و کەمبوونی ئاوی خواردنەوە لە دەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی ئیران بە گێڕانەوە لە ڕوسیا ئەلیەوم، ئەلکساندر فیت، سەرۆکی نووسینگەی نوێنەرایەتیی لیژنەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لەیەمەن لەنێو کۆڕی پەیامنێران وتی : ئێستا کە ژوماری ئەو کەسانەی کە گیانی خۆیان لەبەر دواهاتەکانی ناڕاستەوخۆ لەشەڕی یەمەن لە دەست دەدەن، زۆرتر لەو کەسانەیە کەلە مەیدانی شەڕدا دەکوژرێن .
ئەلکساندر فیت وتیشی : سیستمی پزیشکی لە یەمەن بە تەواوی لە ناو چووەو زۆربەی شارەکانی یەمەن بەرەوڕووی نەبوونی کارەبا و شت و مەکی پێویستن کە یان کەمە و یان زۆر گرانە و ناردنی یارمەتی مرۆڤدۆستانەش تەنیا ڕێگەچارەی قەیرانی یەمەن نییە بەڵکوو دەبێ ژیانی ئابووریی ئەم وڵاتە جارێکی تر ببووژێنرێتەوە و کاروباری بازرگانی و هاوردەی کاڵا بۆ یەمەن دەست پێ بکرێتەوە .
سەرۆکی نووسینگەی نوێنەرایەتی لیژنەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە یەمەن لە لایەنە دەستدرێژکارەکان لەیەمەنی داوا کرد بێنە سەر مێزی وتووێژ و جارێکی تر ڕێگەکانی هێنانی کاڵا و شت و مەک بۆ یەمەن بەتایبەت لە ڕێگەی بەندەری حەدیدە لێک بدەنەوە.
ئەمەش لەحاڵێکدایە کە مارک لوکوک جێگری کاروباری مرۆڤدۆستانەی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەم ڕێکخراوەیە وتی : یەک لەسێی حەشیمەتی نیزیکەی بیست وسێ ملوێن یەمەنی ، پێویستیان بە یارمەتیی خێرا هەیە.