May 09, 2018 19:08 Asia/Tehran
  • ھەڵمەتی موشەکیانەی سوپاوی یەمەن بۆ سەر بنکەومەتەرێزی بەکرێگیراوانی سەعودی

سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بنکەو مەتەرێزی بەکرێگیراوانی سەعودییان لە ڕۆژھەڵاتی سەنعاو باشووری عەرەبستان موشەک باران کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی کەناڵی ئەلعالەم، لە ئەنجامی ھێرشی موشەکیانەی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن  بۆ سەر بنکەومەتەرێزی بەکرێگیراوانی سەعودی  لە ڕۆژھەڵاتی سەنعای پێتەختی یەمەن و نەجرانی باشووری عەرەبستان، بەکرێگیراوانی سەعودی زیانی گیانی و ماڵیی قورسیان لێکەوت.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، فڕۆکەشەڕکەرە سنووربەزێنەکانی سەعودی ناوچە جۆربەجۆرەکانی پارێزگای تەعز لە باشووری ڕۆژھەڵاتی یەمەنیان چەندین جار دایە بەر ھێرش کە زیانی گیانی و ماڵیی بەرفراون لە جەماوەری ئەم ناوچەیە کەوت.

ھەر لەم حاڵەدا شەرەف غالب لوقمان وتەبێژی سوپای یەمەن پێی داگرت: توند بوونەوەی حاڵەتی سەرلێشێوان و ترس لەنێو سەرکردەکانی سەعودی ناچاری کردوون ھەنگاوێکی گەمژانەی دیکە دژی خەڵکی سڤیلی یەمەن ھەڵگرن کە لەم ئاراستەیەدا شایەتی شاڵاوی فڕۆکەشەڕکەرەکانی سەعودی بۆ سەر ناوچە گرینگەکانی یەمەن و قەڵاچۆی خەڵکی سڤیلین.

لوقمان وتیشی: ئەو زەبرە قورسەی کە سەعودییەکان لەماوەی حەوتەکانی ڕابردوو لە ئەنجامی ھەڵمەتی موشەکیانەی سوپای یەمەن لێیان کەوتووە، دەربڕی ڕێک پێکان و ئاسەواری کاولکەری موشەکەکانی یەمەنە کە ئاوا تووشی مارەنگازیی کردوون و ھانی داون بۆ پەلاماردانی دامەزراوەکانی نێو شارو گەڕەکە پڕحەشیمەتەکانی یەمەن.

شەرەف غالب لوقمان وتەبێژی سوپای یەمەن وێڕای ئیدانە کردنی دەست درێژکاریی عەرەبستان بۆ سەر ناوچە ئاوەدانەکانی یەمەن، ئەو ھەنگاوانەی سەعودیەکانی بە پێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان لێک دایەوەو وتیشی: وەڵامی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بەو دەست درێژکاری و سنووربەزاندنانە گەلێک سامناک و گورچکبڕ دەبێت.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.

 

 

سەرپەیڤ