ئەلحوسی : خەرجی موشەکەکانی یەمەن کەمتر لە پاتریۆتی سەعودییە
سەرۆکی لێژنەی باڵای شۆڕشی یەمەن پێی داگرت: ئەو خەرجەی کە یەمەنیەکان بۆ موشەکەکانیان دەیکەن، کەمتر لەو پارەیەیە کە سەعودیەکان بۆ موشەکەکانی پاتریۆتی خۆیان خەرجی دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەلعالەم، سەرۆکی لێژنەی باڵای شۆڕشی یەمەن ڕۆژی پێنج شەممە وێڕای پێداگرتن لە سەر شکست ھێنانی ئامانجەکانی دەست درێژکارانی سەعودی ڕایگەیاند: ئەنساروڵڵای یەمەن لە بەرامبەر ڕاگیرانی دەستدرێژکارییەکانی ڕژێمی سەعودی گەڵاڵەی ڕاگرتنی ھەڵمەتە موشەکییەکانی ھێناوەتە ئاراوە بۆ ئەوەی جیھان لەوە تێ بگات کە ئەنساروڵڵای یەمەن خوازیاری ئاشتییە.
حوسی پێی داگرت: جەماوەری یەمەن بە بەوپەڕی سەربەرزی و کەرامەتەوە لەماوەی ئەم ساڵانەدا بەرنگاری دەست درێژکاریی ئەمریکاو سەعودی و ھاوپەیمانەکانی بووەتەوە و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە تەواوی ئەو وڵاتانەی کە ئەمڕۆ یەمەنیان گەمارۆ داوە، گەلەکانیان لە گرانی و دابەزینی بایەخی دراڤەکانیان ناڕازین و سکاڵا دەر دەبڕن.
سەرۆکی لێژنەی باڵای شۆڕشی یەمەن وتیشی: خەم و ئازاری گەلی یەمەن لەبەر گەمارۆ درانی وڵاتەکەیان لە لایەن ئەو وڵاتانە عەرەبییانەوەیە کە لە خزمەتی پیلانەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل دان.
حوسی لە درێژەدا وتوویەتی: ئەو پیلانانەی کە بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی سەبارەت بە زاڵ بوون بە سەر بابولمەندەب دا دایڕشتووە گەلێک پڕ مەترسییە.
بەرژەوەندییەکانی عەرەبستان و ئیسرائیل لە یەمەن دا بەرەوڕووی یەک بووەتەوەو ھەردووک ڕژێمەکە بۆ زاڵ بوون بە سەر گەورەڕێی دەریایی یەمەن پێکەوە ھاوکاری دەکەن و ئەم دوو ڕژێمە کە لە قەڵاچۆو کوشت و بڕی خەڵکانی بێ دەرەتان خەریکی پێشبڕکێن، ئەمجارەیان یەمەنیان بۆ دووپات کردنەوەی دڕندەکارییەکانیان ھەڵبژاردووە.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی یەمەن وەشاندووە و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.