داوای دادئەستێنی سەعوودی بۆ لەسێدارەدانی بانگخوازی بەناوبانگی عەرەبستانی
دادئەستێنی عەرەبستان، خوازیاری ئێعدامی سەلمان ئەلعودە بانگخوازی ناوداری جیهانی عەرەب و لە نەیارانی ماڵباتی سەعوودی بوو.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، دادئەستێنی گشتیی عەرەبستان ئەمڕۆ سێ شەممە ٣٧ تۆمەتی دایە پاڵ سەلمان ئەلعودە یاریدەری سکرتێری گشتیی "یەکێتی زانایانی موسڵمان" و بانگخوازی دینیی عەرەبستانی.
هاوکات ، رۆژنامەی"عکاظ"ی چاپی عەرەبستان نووسی کە کۆڕی دادگەییکرانی یاریدەری سکرتێری گشتیی یەکێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان، لە دادگەی سزای عەرەبستان دەس پێ بووە.
سەلمان ئەلعودە پتر لە یەکساڵە کە لەبەند دایەو تائێستا دادگەیی نەکراوە.
عەرەبستان، "یەکێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان" بە "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" دەزانێ.
هێزە ئاسایشییەکانی عەرەبستان سیپتەمبەری ساڵی٢٠١٧ سەلمان ئەلعودە لەگەڵ دە کەسی دیکەی بەتۆمەتی پێکهێنانی ناوەندە دژە ئاسایشییەکان گرت و ڕەوانەی زیندانی کردن.
لەکاتێکدا کە بەندکران و قۆڵبەست کرانەکان لە عەرەبستان ڕەخنەو گازندەی کۆڕ و نێوەندە نێودەوڵەتییەکان لەوان، لێبوردنی نێودەوڵەتی، چاودێریی مافی مرۆڤ و یەکێتی ئوروپای بەدواوە بووە، بەڵام رژیمی سەعوودیا هەروا درێژە دەدا بە گرتنی نەیاران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مافی ژنان.