موحەممەد عەلی حوسی : عەرەبستان لە یەمەن دا شکستی ھێناوە
سەرۆکی لێژنەی باڵای شۆڕشی یەمەن ڕایگەیاند: دەست درێژکارانی سەعودی نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان لە یەمەن دا مسۆگەر بکەن.
«موحەممەد عەلی حوسی» سەرۆکی لێژنەی باڵای شۆڕشی یەمەن ڕۆژی سێ شەممە لە دیمانەیەک دا لەگەڵ کەناڵی ئەلعالەم وتیشی: لە ئێستادا ھیچ گەڵاڵەیەک بۆ چارەسەریی ساسیانەی کێشەی یەمەن لە ئاردا نییەو لەم ناوەدا، ئەمریکا و بریتانیا لە مەڕ قەڵاچۆکرانی خەڵکی یەمەن پشتگری لە دەست درێژەکارانی سەعودی دەکەن.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە «یەحیا سەریع» وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی وەزارەتی بەرەڤانیی دەوڵەتی «ڕزگاریی نیشتیمانی»ی یەمەن وتوویەتی: ھێزەکانی ئەم وڵاتە ھێندێک موشەکی باڵستیکیان لە بەر دەست دایە کە ھەتا ڕیازو ئەبوزەبی بڕ دەکەن.
یەحیا سەریع وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئەگەر بێتو دەست درێژکاریی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی بەردەوام بێت ھیچ ڕێگایەک بێجگە لە بژاردەی سەربازی نامێنێتەوە، وتیشی: ھەنگاوەکانی بەرگریکارانەو سەربازیی یەمەن لە چوارچێوەی ئامانگەلێکی ڕەوادایەو پەرە پێ دانی موشەکە باڵستیکەکانیش ھەر لەم ئاراستەیەدا دێتە ئەژمار.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە بە بیانووی گەڕاندنەوەی عەبدڕەببە مەنسوور ھادی سەرۆکی لەکارکشاوەی یەمەن،شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی ئەم وڵاتە دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی یەمەن وەشاندووە و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.
وەزارەتی تەندروستیی یەمەنیش لە کۆتایی چوارەمین ساڵی شەڕی ھاوپەیمانیی سەعودی دژی ئەم وڵاتە ڕایگەیاندووە: لە ماوەی چوار ساڵ شەڕو خوێنڕشتن ١٢ ھەزار یەمەنی کوژراون و نزیکەی ٢٦ھەزار کەسیش لە ئەنجامی شاڵاەوەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی بریندار بوونە کە لەم ژمارەیە شەش ھەزارو سێسەدو شەست و یەک کەسیان ژن و منداڵن.
جێگای ئاماژەیە دەست درێژکاریی سەربازیی عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی ھەروەھا وڵاتی دەستکورت و ھەژاری یەمەنی لەگەڵ کەم بوونی لەڕادە بەدەری خۆراک و دەرماندا بەرەوڕوو کردووەتەوەو سەرباری ئەمەش ھەتا ئێستا لە بەر خۆڕاگریی جەماوەری یەمەن نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا لەوانە ھێنانە سەر دەستەڵاتی دەستنیاکانی خۆیان مسۆگەر بکەن.